Sunday, March 6, 2011

دوا دەرفەت بۆ گێڕانەوەی كەركوك


ڕابەر یونس عزیز


تا ئێستە سەر كردایەتیی كوردی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ گرەنتییەكیان نییە مادەی 140ی دەستووری عێراق، كە بە زەمانەتی گەڕانەوەی كەركوك بۆسەر كوردستان دەزانرێ، جێ بەجێ بكرێت. لە دوای 2003دا دەستووری عێراقی نووسرایەوە و پەسەند كرا، بڕیار بوو تا 2007 مادەی 140 جێبەجێ بكرێ و عەرەبی هاوردە بگەڕێتەو و شوێنی خۆی و كورد و توركمانی ئاوارە و مافوراو بچنەوە كەركوك و مافی خۆیان وەربگرنەوە، بەڵام وا چوار ساڵ دوای ئەو مێژووە مادەكە هەروەكو خۆی ماوەتەوە و عەرەبیش دەڵێن مردووە و جێبداوای هەڵوەشانەوەشی دەكەن.


ئەو هەلومەرجەی بەهۆی خۆپێشاندانەكان و ناڕەزایەتییەكانەوە لە عێراق بە گشتی هاتە ئاراوە و كەركوكیشی گرتەوە ڕێگەی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆش كرد تا هێزی پێشمەرگە بنێرێتە ناوچە جێناكۆكەكان وەكو بەرپرسانی هەرێم ڕایان گەیاند بۆ پاراستنی گیان و ماڵی كورد و كەمینەكانی تر لەو ناوچانە لە هێرشی چەكداران و كۆنە بەعسییەكان. من پێم وایە ئەمە دوا دەرفەتە بۆ كورد بۆ گێڕانەوەی كەركوك دەنا بۆ هەتاهەتایە دەبێ ماڵئاوایی لەو ناوچانە بكات لەبەرئەوەی ئەمجارە حكوومەتی هەرێم پێشمەرگە لەو ناوچانە بكشێنێتەوە و كورد بۆ رەحمی سوپای عێراقی و چەكداران و عەرەبی شۆڤێنی جێ بهێلێت ئەوا بێگومان ماڵباتە كوردەكانی زۆر لەو ناوچانە كە تا سەر ئێسقان بێزار بوون بەدەست گوێپێنەدانی بەرپرسانی كورد لەلایەك و هەڕەشەی چەكداران و شۆڤێنییەكان و نەپاراستنیان لەلایەن سوپا و پۆلیسی عێراقی لەلایەكی تر، ئیتر هیوایان نامێنێت و بۆ پاراستنی گیانیان دەست دەكەنەوە بە كۆچكردن بۆ ناوچە كوردییەكان. زۆرمان لە ڕاگەیاندنەكانەوە بینی و بیست كە تا ئێستەش دەیان خێزانی كورد ئەو ناوچانەیان لە ترسی گیان و ماڵی خۆیان لە ژێر هەڕەشەدا جێ هێشتووە بەتایبەتی لە جەلەولا و سەعدییە.


جێهێشتنی كوردی سەعدییە و جەلەولا لەبەر هەڕەشەی عەرەب و نەپاراستنیان لەلایەن سوپای عێراقەوەیە هی كوردەكانی كەركوكیش بەهۆی بێزارییان لە گوێپێنەدانی حكوومەتی هەرێم بە كێشەی كەركوك دوای ئەوەی لە 2003 گەڕانەوە بۆ كەركوك. لایەنە عەرەبەكانی كەركوكیش ئەمە باش دەزانن هەر بۆیەشە كە ئێستە داوای كشانەوەی پێشمەرگە دەكەن چونكە هەبوونی پێشمەرگە لەو ناچانە هیوایەكی تر دەداتەوە بە كوردەكان و سووربوونیان لەسەر ئەو ناوچانە دووبارە نوێ دەبێتەوە و بەپێچەوانەشەوە نەبوونی پَشمەرگە كوردانی ئەو ناوچانە تووشی بێهێزی دەكات.


لە بنەڕەتدا پلانی ئەوان بۆ ئەوەندە دواخستنی سەرژمێری ئەو ناوچەیە و ریفراندۆم یان بە گشتی جێبەجێنەكردنی مادەی 140 ئەوەیە كورد بێهیوا ببن و ئەو ناوچانە جێبێڵن. ئەم پیلانە بەڕوونی دەردەكەوێت ئەگەر گوێ لە لێدوانی سەركردەیەكی عەرەبی كەركوك بگریت كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر قسەی كرد. ئەو سەركردەیە گوتی كوردەكان دەبێ بچنەوە شارەكانی خۆیان و كەركوك جێ بێڵن! ئەمە نەك هەر مانای ئەوەیە كە عەرەب ئامادە نین مل بۆ جێبەجێبوونی مادەی 140 بدەن بەڵكو بەو دۆخەی ئێستەش ڕازی نین و دەیانەوێ كورد ئەو شارە جێ بێڵن و بگەڕێنەوە "شارەكانی خۆیان". ئەو تەنانەت بەوەندەش نەوەستا و گوتی شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك "شیمالی عێراق"ن و هی هەموو عێراقیەكانە. گرفت لێرەدا لەگەڵ ئەوە نییە كە كوردستانی هی هەموو عێراقییەكان بێت بەڵام لە وەدایە لە جیاتی كوردستان پێی بگوترێ "شیمالی عێراق". دیسانەوە ئەوە ڕاستە كە كوردستان دەكەوێتە شیمالی عێراق بەڵام ناوێكی هەیە و پێی دەگوترێ كوردستان و "شیمالی عێراق" بۆ نكووڵیكردن لە ناوي كوردستان دەستەواژەیەكە تەنیا بەعسییەكان بەكاریان دەهێنا. لە كاتێكیشدا ئەمە خۆی ڕەتكردنەوەی فیدرالیەتی عێراقە چونكە ئەو "شیمالی عێرق"ە لە دەستوری عێراقدا وەكو هەرێمی "كوردستان" و هەرێمێكی فیدراڵ ناسێنرراوە.


بۆیە پێویستە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی كوردی ئەمجارە بە جدی كار بۆ كەركوك بكەن و كشانەوەی ئەو هێزە پێشمەرگانە ببەستنەوە بە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقی. تا جێبەجێكردنی مادەی 140 هێزی پێشمەرگەی كوردی بەهیچ شێوەیەك نابێ لەو ناوچانە بكشێنرێنەوە. ئەمەیە كە دەبێ بیانووی هەبوونی پێشمەرگە بێت لەو ناوچانە نەك پاراستنی گیانی كورد و كەمینەكان لەبەرئەوەی ئەو بیانووەیان بەرستراوەتەوە بە باری ئەمنیی ئەو ناوچانە و ئەگەر دۆخەكە جێگیر بێت بیانووی پێویستیی ئەو هێزانەش دەكەوێتەوە ژێر پرسیارەوە.


لەلایەكی تریش كورد پێویستە بە جدی لەگەڵ توركمانی ئەو ناوچانە دانیشن و گفتوگۆ بكەن و هەوڵی لێكتێگەیشتن بدەن و لێك نزیك ببنەوە لەبەرئەوەی ئەوانیش وەكو كورد لە سەردەمی سەدام ستەمیان لێ كراوە و مافیان زەوت كراوە. كورد دەبێ گرەنتی بە توركمان بدات بە هەبوونیان لە پاڵ كورد و لە دواتریش لە پاڵ كوردستان هەموو مافێكی كولتووری و سیاسییان بۆ مسۆگەر دەبێت. دەبێ ئەوەیان بۆڕوون بكرێتەوە بە خستنەسەری كەركوك بۆ هەرێمی كوردستان ئیتر توركمان دەبێ بە نەتەوەی دووەم لە هەرێمی كوردستان (لە كاتێكدا لە عێراق نەتەوەی سێیەمە) و بەهرەمەند دەبن لە پۆستی سیاسی و ئیداریی ئەو هەرێمە و بەشدارییەكی كارایان پێ دەكرێت لە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستاندا.


ئەمە بێگومان مانای ئەوە نییە كە عەرەبی كەركوك پشتگوێ بخرێ. عەرەبیش وەكو كورد و توركمان پێش شاڵاوی تەعریب لەو شارەدا ژیاون. بەڵام پێویستە گفتوگۆكردن و دانیشتن لەگەڵ عەرەبی رەسەنی ئەو ناوچەیەدا بكرێت نەك ئەوانەی لەسەر میدیاكان تەنیا ڕق و كینە هەڵدەڕێژن. ئەوانە دەبێ بە جێبەجێكردنی مادەی 140 ئیتربگەڕێنەوە بۆئەو ناوچانەی كە سەدام حوسێن لێوەی هێنان. ئەو كاتە دڵنیام كە عەرەبە ڕەسەنەكانی ئەو ناوچانە هەروەكو چۆن لە ڕابردوودا بەتەبایی لەگەڵ كورد و توركمان ژیاون دوای جێبەجێبوونی مادەی 140یش بەو شێوە تەبایییە دەمێننەوە.


5-3-2011