Thursday, May 12, 2011

قوبادی جەلیزادە: دەبێ مزگەوت و كایەی ڕۆشنبیری جیا بكرێنەوە و چیتر "مزگەوتسالاری" نەبێت




هەولێر، 12 ئایار/مایۆ (ئاكانیوز) –نووسەر و شاعیر قوبادی جەلیزادە كە چامەیەكی هەرای لە نێوان ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئاینی لێ كەوتەوە، ئەو دۆخەی ئێستەی هەرێمی كوردستان بە "مزگەوتسالاری" ناو دەبات و پێی وایە كوردستان پێویستیی بە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی هەیە و دەبێت مزگەوت و كایە ڕۆشنبیرییەكان لە یەك جیا بكرێنەوە. Qubadi Jalil Zada

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، داواكاری گشتیی هەولێر داوایەكی لەسەر جەلیزادە تۆمار كردووە بۆ ئەوەی بە تۆمەتی باسكردنی لەفزی جەلالە "بەشێوەیەكی ناشیرین" دادگەیی بكرێت. بەڵام جەلیزادە پێی وایە ئەو داوایە لەژێر پاڵەپەستۆی ئەو گوتاربێژە بووە كە قسەی لەسەر كتێبەكەی ئەو كردبوو پێش ئەوەی بڵاو بكرێتەوە.

جەلیزادە پێی وایە ئەو پێی لە هیچ پیرۆزییەك نەناوە و "وشە"ش نیشتیمانی ئەوە و بەرگری لە نیشتیمانی خۆی دەكات و لە نووسین ناوەستێت. بێجگە لەوەی ئەو شاعیرە پێی وایە كە مزگەوت خەریكە ڕۆڵی دەزگا چاودێرییەكانی سەردەمی بەعس بگێڕن لە بڵاوبوونەوەی كتێبدا كە هەر شتێك لەگەڵ ئەودا نەگونجێت ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی نەدات.

لەم دیمانەیەكدا جەلیزادە باسی دوا پێشهاتەكانی ئەو كێشەیە دەكات

پرسیار: بیستمان لەبەردەم داواكاری گشتیی هەولێر ئامادە بوویت بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو كۆمەڵە شیعرەی ماوەیەك لەمەوبەر بڵاوكردنەوەی قەدەغە كرا، ئەمە چۆن بوو؟

وەڵام: زۆر بەداخەوە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەولێر سكاڵایەكی لە دژم تۆمار كردووە، لەسەر من و كاك بەدران، بەڕێوەبەری دەزگای ئاراس و لە ڕۆژی 7ی مانگ لە سلێمانی بەڕەسمی ئاگەدار كرامەوە كە دەبێ لە ماوەی سێ ڕۆژ لە بنكەی پۆلیسی ئاشتی ئامادە بم ئەگەر ئامادە نەبم ئەوە ڕێوشوێنی یاسایم لەگەڵ دەكرێ. منیش هەر لەبەر ئەوەی خۆم یاساناسم و ماوەی 15-16 ساڵێك وەكو دادوەر كارم كردووە ئیتر پابەند بووم و چووم بۆ بنكەكە. لەوێ بەڕاستی پَشوازییەكی گەرمم لێ كرا لەلایەن برادەرانی پۆلیس، من و محەمەد موكریی ڕۆماننوس بووین، ئێمەیان ناسی و تەنانەت هەندێكیان ڕەسمیشیان لەگەڵمان گرت. ترسی ئەوەم هەبوو كە بە ناشیرینی پێشوازیم لێ بكرێ بەڵام ڕێك بەپێچەوانەوە بوو. من لەوێ قسەی خۆم كرد و ئیفادەی خۆم دا، لە قسەكانمدا گوتم ئەو كتێبەی من لەبەرئەوەی بڵاو نەكراوەتەوە و نەچووتە بازاڕ و خەڵك نەیبینیوە و قەدەخە كراوە بۆیە هیچ تاوانێك دروست ناكات. لەبەردەم دادوەریش هەر وام گوت و داوام كرد بەر بدرێم چونكە دەقی مادەكە دەڵێ دەبێ "بەعەلەنی" لەفزی جەلالە بە خراپ بە كار بێت تا ببێتە تاوان یان سیفەتی مرۆیی بدرێت بە خوا. مادام بڵاویش نەبووەتەوە و عەلەنییەتی تێدا نەبووە كەواتە سیفەتی مرۆییی بەئاشكرای تێدا نییە و تاوان دروست ناكات. من داوام لە دادوەر كرد كێشەكە دا بخات و بەرم بدات، بەڵام ئەوە بوو تا ڕۆژی دادگەیییكردنەكە بە دەستەبەریی 1 ملیۆن دینار بەر درام و موكری ڕۆمانووس بوو بە كەفیلم. ئەو ماوەیەی ناو بنكەی پۆلیسی دادگە نێزیكەی تا كۆتایی دەوامی ڕەسمیی خایاند، لە ڕووی دەرونییەوە شەكەت و ماندوو بووین. كێشەكەش لە قۆناغی لێكۆڵینەوە تەواو بێ پێم وایە ڕەوانەی دادگەی پێوەندیدار بكرێم كە بۆی هەیە دادگەی كەتن بێ و سەرەنجامی كێشەكە لەوێ یەكلایی دەكرێتەوە.

پرسیار: ئەو داوایەی لەسەرت تۆمار كراوە پێوەندیی بەو گوتارخوێنەی هەولێرەوە هەیە؟

جەلیزادە: ئەو كێشەیە وەكو خۆم بە وردی لێم كۆڵیوەتەوە، ئەو گوتاربێژەی مزگەوت چەند جارێك سەردانی داواكاری گشتیی كردووە و نێزكەی خستوویەتییە ژێر پاڵەپەستۆوە، بەداخەوەش كە لە هەموو داوودەزگەكانی دەوڵەت خەڵكی وا هەن وەكو ئەو مەلایە بیر دەكەنەوە. ئەو برادەرەی من بینیم لە داواكاری گشتی زۆر توند قسەی لەگەڵم دەكرد بەڵام منیش بە زانیاریی یاسایی وەڵامم دەدایەوە. هەستم كرد ئەو لە قاڵبە دینییە سەلەفییەكەوە من دەدوێنێ نەك وەكو تۆمەتبارێك لە كێشەیەكدا. زمانێكی توند و زبری هەبوو لەگەڵم، بەڵام من بە نەرمییەوە وەڵامم دەدایەوە.

وەڵام: تۆ ماوەیەكی زۆر لە یاسادا كارت كردووە، ئەگەر خۆت لە كاتی كاری رەسمیدا وەكو دادوەر كێشەیەكی لەوجۆرە بهاتبووایە پێشت هەڵوێستتان چی دەبوو؟

جەلیزادە: دەكرێ داوا لەسەر هەر كەسێ كە جێی ئەوە بێ بە تۆمەتبار حسێب بكرێت، تۆماربكرێ. وشەی "تۆمەتبار" واتە تۆ گومانت لە كەسێك هەیە شتێكی ئەنجام دابێت. بەشێوەیەكی ئاسایی، ڕێوشوێنی یاسایی دەڕوا، بەڵام تا چەند تۆمەتبار دەبێ بە تاوانبار ئەوە گرینگە. لای من وەكو دادوەر، نەك وەكو شاعیر، نەك وەكو بۆچوونی خۆم، ئەگەر ئەو كەسە بەڵگەی لە سەر نەبوو بەری دەدەم چونكە هیچ عەلەنیەتێكی تێدا نییە چونكە بڵاو نەبووەتەوە و خەڵك نەیبینیوە. تۆ لە ماڵی خۆت قەسیدەیەك دەنووسیت، گریمان ئەو قەسیدەیە هەستی خەڵكیش بریندار دەكات، ئەمە هیچ تاوانێك دروست ناكات چونكە هەر لای خۆتە، بەڵام ئەگەر تۆ بڵاوت كردەوە و لە كۆڕێك خوێندتەوە ئەو كات "ئەگەر بەڕاستی تاوان دروست بكات" ئەوا ڕێوشوێنی یاساییت لەگەڵدا دەكەم.

ئاكانیوز: پێت وایە قسەكردن لەسەر شیعر و كتێب لەلایەن مامۆستایانی ئاینییەوە بەرەو كوێ دەچێت؟

وەڵام: ماوەیەكی درێژە هەست دەكەم مزگەوت دەیەوێ ببێتە دەسەڵاتێكی تر، یان مزگەوت بە تەواوی دەیەوێ دەست بخاتە ناو كایەی رۆشنبیرییەوە. بەو دەستخستنە كایەی ڕۆشنبیرییەوە، من وای دەبینم، مزگەوت دەیەوێ جێی دەزگا چاودێرییەكانی سەردەمی بەعس بگرێتەوە كە هیچ كتێبێك نەدەكەوتە بازاڕ بێ ئەوەی بە ژێر چاودێرییەكی زۆر توندوتیژی سەردەمی بەعس یان فیكری بەعسیدا تێپەڕێ. من وای دەبینم لە كوردستان كە داوودەزگە زیندووەكانی دەوڵەت ئەو سانسۆرەیان نەهێشتووە، ئێستە مزگەوت دەیەوێت دەوری ئەو دەزگە چاودێرییانەی سەردەمی بەعس ببینێت و هەر شتێك كە لەگەڵ فكری ئەودا نەگونجێ، مەرجیش نییە هەڵە بێت، بەڵام لەگەڵ فكرێ ئەودا نەگونجێت، ئیتر نەیەوێت بڵاو ببێتەوە و بكەوێتە بازاڕەوە. پێش منیش، چەندان ساڵ پێش ئێستە، هەڵمەتێكی توند لە دژی شێركۆ بێكەس دەستی ئەنجام درا لەسەر چامەیەك، هەتا فتوای كوشتنی دەرچوو. بەم دواییە فەرهاد پیرباڵ و زانا خەلیل و حەمە كاكەڕەش هەمان حاڵَەتی منیان تووش بوو. بەڵام من ڕەنگە من بەردەستتر بم لە ئەوانی تر كە هەندێكیان لە دەرەوە دەژین. ئەمە حاڵەتێكی بەردەوامە من یەكەم كەس نیم و دوا كەسیش نابم. بۆیە من داواكارم كە دەسەڵات خۆی سنوورێك بۆ ئەمە دابنێت چۆن هەندێك كەس دەڵێن دەبێت حزب و حكوومەت لێك جیا ببنەوە ئاواش دەڵێین مزگەوت و كایە ڕۆشنبیرییەكان لێك جیا بكرێنەوە.

پرسیار: پێشَتر ئەو كتێبە، یان وردتر بڵێین ئەو شیعرەی هەراكەی لێ كەوتەوە، لە هیچ شوێنی تر بڵاو بووەتەوە پێش ئەوەی لە هەولێر لە دەزگەی ئاراس چاپ بكرێت؟

وەڵام: ئەو قەسیدەیە، لە سێ چوار كۆڕدا لە دهۆك و سلێمانی خوێندوومەتەوە و پاشان پێشانگەیەك لە سلێمانی كرایەوە لەسەر شێوەی شَوەكاری بۆ كۆمەڵێك شاعیر كە 20 كەس دەبوون، زیاتر لە حەفتەیەك لە گۆڕەپانێكی سەرەكیی سلێمانیدا ئەو تابلۆیانە هەڵواسران. كەسیش كێشەی لەگەڵ چامەكەمدا نەبوو. زۆر كەس دەهاتن دەیانگوت با لەگەڵ ئەو تابلۆی قەسیدەیەت، هەر ئەوەی كێشەی لێ كەوتووەتەوە، وێنەت لەگەڵ بگرین. دەتوانم بڵێم ئەو چامە هەڵواسراوە زۆرترین جەماوەری هەبوو و زۆرترین خەڵكی تێئاڵابوو. حەز دەكەم ئەوەشتان پێ ڕابگەیەنم كە چامەكە لە گۆڤار و ڕۆژنامەشدا بڵاو كراوەتەوە و كراوەتە سوێدی و ئینگلیزیش.

پرسیار: لەبەرچی كێشەتان تەنیا لە هەولێر بۆ دروست بوو؟

وەڵام: بەبۆچوونی من، وا تێدەگەم ئەو كێشەیە بەقەد ئەوەی ڕووی لە دەزگەی ئاراسە ئەوەندە ڕووی لە من نییە، چونكە ئەگەر لە كۆگای یەكێك ئەو كتێبە بردراوە یان دزراوە، هەر ناوێكی لێ بنێین، پێش ئەوەی بكەوێتە بازاڕەوە و یەكێك بیبات بیداتە مەلایەك بۆ ئەوەی گوتاری لەسەر بدات لە ڕۆژی هەینی، ئەوە دەلیلی ئەوەیە كە پلانێك یان بەرنامەیەك هەیە بۆ برینداركردنی ئەو دەزگەیە بەر لە برینداركردنی من. وەكو گوتم، من ناڵێم خەڵكی سلێمانی بیریان كراوەترە یان مەلاكانی ئەوێ مۆدێرنترن لە مەلاكانی هەولێر چونكە من دڵنیام دەستێك هەبووە لەپشت ئەو كێشەوە.

پرسیار: ڕۆڵی داوودەزگەكانی دەوڵەت لە مامەڵەكردن لەگەڵ پاراستنی ئازادی ڕادەبڕین و نووسین چۆن دەبینی؟

وەڵام: من ئەگەر ئەو كێشەیەی خۆم بە نموونە بێنمەوە، كەس داكۆكیی لێ نەكردم. ڕاستە داوودەزگەكانی دەوڵەت بە ڕووكەش وا پێشان دەدەن كە هەموو كەس مافی پیادەكردنی ئازادیی ڕادەربڕینی هەیە بەڵام كاتێك كە شتێك تۆ پێت وایە هێڵی سوور نیە و مەلایەك یان گوتاربێژێك پێی وایە هێڵی سوورە، بەداخەوە دەزگەكانی دەوڵەت دەچنە پاڵ مەلاكە. من ئەندامی یەكێتیی دادوەرانی كوردستانم، ئەندامی یەكێتی مافپەروەرانی كوردستانم و ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی كوردستانیشم، بەڵام لەو هەڵمەتە توندەی كرایە سەر من، تا گەیشتە ڕادەی تەكفیركردن، هیچ یەكێك لەوانە قسەیان نەكرد. ئێستەش من وەكو تۆمەتبارێكی ئاسایی دەچمە بەردەم دادوەر و مامەڵەیەكی ئاسایی وەكو تۆمەتبارم لەگەڵ دەكرێ و ڕەچاوی ئەوە ناكرێ كە من سی و ئەوەندە ساڵە لە بواری دادوەریدا كارم كردووە و 15-16 ساڵیش وەكو دادوەر كارم كردووە. من تۆمەتبارم لەبەر ئەوەی ئەوان پێیان وایە من پێم لە موقەدەساتی خەڵك ناوە. چامەی تازە زۆربەیان تەمومژاوین و زۆر خوێندنەوە هەڵدەگرن، ئەوان تەنیا ڕووكەشەكەی دەبینن. ئەسڵەن ئەو چامەیەی من كە كێشەی لەسەرە چامەیەكی عیرفانی و خواناسییە بەڵام ئەوان بەداخەوە هیچ لە ئەدەب تێناگەن و هیچ شارەزایییەكیان لە شیعری تازە نییە و وای دەخوێننەوە من گاڵتەم بە لەفزی جەلالە كردووە. لەبەرئەوە، هەڵسەنگاندنی دەقێكی ئەدەبی دەبێ پسپۆڕكی ڕەخنەگری ئەدەبی بیكا نەك مامۆستایەكی ئایینی.

پرسیار: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، توێژی مەلا یان ڕۆشنبیران لەلای دەسەڵات كاریگەرییان زیاترە؟

وەڵام: حەمە سەعید حەسەن قسەیەكی زۆر جوانی كرد دەڵێ "هەزار ڕۆشنبیر كۆ كەیتەوە ناكاتە بەرامبەر یەك مەلا لای دەسەڵات"، ئەو ناڵێ ئەمە بیری دەسەڵاتە بەڵام بە حوكمی كۆمەڵگە وای لێ هاتووە دەسەڵات دەستی بۆ مەلا درێژ بكات و پشت لە ڕۆشنبر بكات، لەبەر ئەوەی كۆمەَڵگەیەكی ئیسلامیە، كولتوورێكی ئیسلامییە، كولتوورێك كە ڕەگی هەزار ساڵەی داكوتاوە. بۆیە هەردەم ترسێك لە مەلا هەیە، ترسێكی زۆر ئەزەلییە. جگە لەوەی دەسەڵات پێی وایە ئەگەر مەلایەك بدۆڕێنی ڕەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بدۆڕێنی. بۆیە كە دەڵێین دین یان ئیسلام مەسەلەیەكی بڤەیە ناكرێ قسەی لەسەر بكرێ، لە كاتێكدا لای من وا نییە هەمو مەسەلەیەك دەكرێ قسەی لەسەر بكرێ و ڕای جیاوازمان لەبارەیەوە هەبێت. من پێم وایە مەلای زۆر ڕۆشنبیریش هەن كە لەگەڵ ئەو مەلا توندانە نین كە شەڕ بە ئێمە دەفرۆشن.

پرسیار: پێت وایە لە دادگە فایلەكە لە بەرژەوەندیی تۆدا تەواو بێت؟

وەڵام: من نازانم. ناتوانم قسە بكەم تا سەرەنجام دادوەر بڕیار دەدات، ئەو كات خۆی دەزانێت ئایا بەڵگە هەیە لە دژی من یان نا.

پرسیار: ئەگەر لەبەرژەوەندیی تۆ تەواو نەبوو، پێت وایە ئەمە زەنگێكی وشیاركەرەوەیە كە ئازادیی ڕادەربڕین لە مەترسیدایە؟

وەڵام: هەر بڵاونەكردنەوەی ئەو كۆمەڵە شیعرەم بەشێك لە ئازادییەكانمی بەرتەسك كردووەتەوە. بەرتەسككردنەوەی ئازادی كار دەكاتە سەر توانای داهێنانیش. دوای ئەو كێشەیە، هەر كات دەست دەدەمە قەڵەمەكەم بۆ ئەوەی چامەیەكی بنووسم، كە پێشتر هیچ هەستم بە سانسۆر نەدەكرد، ئێستە هەست دەكەم شمشێرێك لەپشت سەرمەوەیە، وا هەست دەكەم هەردەم مەلایەك لە پشت سەرمە بە ڕیشی درێژ و عەمامەوە گوێم ڕادەكێشێت. هەمیشە هەست دەكەم دەستم دەلەرزێت بەڵام بۆ مەسەلەی دادگە ئەگەر من لە تۆمەتبارەوە ببم بە تاوانبار ئەوا حەز دەكەم بزانن كە ئەو ماددەیەی حومەكەی پێ دەردەكرێ مادەی 372ە كە سزاكەی تا سێ ساڵ گرتنە یان غەرامەیە. من دەرەنجامم بەلاوە گرینگ نییە ئەوەندەی ئەوە بەلامەوە گرینگە مزگەوت یان مینبەری مزگەوت ئێستە دەنگێكی بڵندترە، بەڕای من هەم لە ڕۆشنبیر و هەم لە یاساش. مەلایەك دەتوانێ دەزگایەكی وەك داواكاری گشتی بخاتە ژێر باڵی خۆیەوە، من ئەوانەم پێ مەترسیدارە، نەك ئەوەی من حوكم بدرێم یان نا. مەترسییەكە ئەوەیە مزگەوت چەندە چووەتە نێو دەزگەكانی حكوومەتی هەرێم و بووە بە بەشێك لە كایەی ڕۆشنبیریش، ئەوە بەلامەوە گرینگە.

پرسیار: ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دینەمۆی گۆڕانگارین لە وڵاتان، ئێوە ڕاتان بەرامبەر داوودوزگە و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان چییە و تا چەند توانیویانە ئەركەكانی خۆیان ڕاپەڕێنن؟

وەڵام: من لێرەدا لەبەر ئەوەی كێشەكەم كێشەیەكی ئەدەبییە، باسی ڕێكخراوی یەكێتی دادوەران و مافپەروەران ناكەم، تەنیا باسی یەكێتی نووسەران دەكەم كە من تێیدا ئەندامم. من خۆم داوام لە سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كوردستان كرد یان بەیاننامەیەك دەر بكەن یان هەوڵ بدەن ئیمزا كۆبكرێتەوە بۆ ئەوەی پاڵپەستۆیەك دروست ببێت لەبەرامبەر ئەو جۆرە بیركردنەوە و عەقلیەتەی هەندێ لەو مەلایانە بەڵام هیچ ئامادەیی و هەڵوێستێكی تێدا نەبوو. كۆمەڵێك ڕۆشنبیر كە زۆربەیان برادەری خۆم بوون هەندێ گوتاریان نووسی، بۆ نموونە شێركۆ بێكەس و محەمەد موكری و هەندێ نوسەری و ڕۆشنبیری تر، بەڵام وەكو ڕێكخراوەی یەكێتی نووسەران هیچ نەبوو. ئەمەش مەترسییەكی ترە كە ئەویش دیسان مەسەلەی ترسانە لە دین، مەسەلەی دین ئەوەندە ترسناكە لای خەڵك. زۆر بەداخەوە دەڵێم، لە كاتێكدا دڵنیام زۆر كەس لە یەكێتی نووسەران و ناو دەسەڵات و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی حكوومەت و تەنانەت سەرۆكایەتیی هەرێمیش لەگەڵ من هاوسۆزن و لەگەڵ بیری من دەگونجێن، بەڵام لەبەر ترسیان لە دین كە پێیان وایە بڤەیە، قسە ناكەن. پێیان باشە من ببمە قوربانی باشترە لەوەی دەسەڵات بكەوێتە ژێر پرسیاری مەلایەك.

پرسیار: پێت وایە كێشەكە لە سەرێكەوە پێوەندیی بەوەوە هەبێ كە دەستوور و یاسا لە وڵاتی ئێمە لەسەر شەریعەتی ئیسلامی دانراوە؟

وەڵام: یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی یاسا و دستوور لە وڵاتانی ئیسلامی بە كوردستانیشەوە شەریعەتی ئیسلامە. لەبەرئەوەی شەریعەتی ئیسلام بە پانتاییەكی زۆر هاتووەتە ناو یاسا و دەستوورەوە بۆیە هەردەم پەنابردنە بەر دادگەی مەلایەك لەوەوەیە كە دەزانێ بنەمایەكی شەریعەتی تێدایە و بووە بە مادەیەكی یاسایی و دەتوانێ تۆی پێ كەلەپچە بكات، ئەمەش یەكێكە لە مەترسییەكان. بە داخەوە ئێمە خۆمان بە وڵاتێك یان حكوومەتێكی عەلمانی دەزانین بەڵام شەریعەت بە پانتاییەكی زۆر هاتوووەتە ناو یاسا و داوودەزگەی دەوڵەت بە تایبەت یاسای باری كەسێتی هەر بۆیەشە كە ئێستە ژن ئەوەندە "ملكەچ و بێزراوە".

پرسیار: كەواتە پێویسستیمان بە تەڤگەرێك هەیە؟

وەڵام: پێویستیمان بە گۆڕانێكی ڕیشەیی هەیە. كێ بیكات؟ ئەمە كاری داوودەزگەی دەوڵەت و ڕێكخراوە مەدەنییەكانە. ئەگەر جورئەتمان هەبێ هەندێ لەو یاسایانە كە ژەنگیان هەڵێناوە بگۆڕین پێم وایە بەر لە هەموو شتێك ئافرەت ئازاد دەبێت، منیش وەكو پیاوێك كە دەمەوێ قەسیدەیەك بنووسم و سانسۆرم لەسەر نەبێ، ئازاد دەبم.

پرسیار: گۆڕانێكی لە چەشنی جیاكردنەوەی دەسەڵاتی كلێساكان لە كۆمەڵگەی ئەوروپایی؟

وەڵام: لە ئەوروپا كە كلێسا دەوری نەما و وەكو باوك نەما كۆمەڵگە گۆڕانكاریی زۆر گەورەی بەخۆوە بینی، ئێمەش ئەگەر مزگەوت باوك نەبێت، كە من ئەوەی ئێرە دەتوانم دەستەواژەیەكی نوێی بۆ دروست داتاشم و پێی بڵێم "مزگەوتسالاری"، ئەوا لێرەش گۆڕانكاری ڕوو دەدات. من گوناهم چییە كە شاعیرێكم دەمەوێ خەیاڵی خۆم و بیری خۆم داڕێژم و بیخەمە سەر كاغەز و بڵاوی بكەمەوە. ئەمە بیری منە، بەڵام هەردەم شمشێرێك لەپشت سەرمە.

پرسیار: دوا پرسیارمان، ئایا بەردەوام دەبیت؟

وەڵام: لای من "وشە" نیشتمانە. چۆن پێشمەرگەیەك لەسەنگەرە و داكۆكی لە نیشتمانەكەی خۆی دەكات تا شەهید دەبێت، منیش هەرگیز واز لە نیشتمانەكەی خۆم ناهێنم كە "وشە"یە.


قوبادی جەلیزادە، نووسەر و شاعیر، زیاتر لە سی ساڵ لە بواری دادوەریدا كاری كردووە و زیاتر لە 15 ساڵیش لەو ماوەیەدا وەكو دادوەر كاری كردووە. لە ساڵی 2010 كۆمەڵە شیعرێكی بەناوی "ستیانی بەفر پڕە لە ڕیشۆڵە"ی دایە دەزگای ئاراس بۆ ئەوەی بۆی چاپ و بڵاو بكاتەوە. كتێبەكە بەر لەوەی بكەوێتەوە بازاڕەوە، دەكەوێتە بەر دەستی مامۆستایەكی ئاینی لە هەولێر و لە نوێژی هەینیدا كتێبەكەی بەدەستەوە دەبێت و قسەی لەسەر دەكات بە "سووكایەتیكردن بە خوا" وەسپی دەكات. دواتر بەرپرسی دەزگای ئاراس ڕای گەیاند ئەو كتێبە دزراوە لەبەرئەوەی هێشتا لە كۆگادا بووە. دوابەدوای ئەوەش ئەو كێشەیە هەرایەی زۆر لێ كەوتەوە لەنێو ڕاگەیاندنی كوردیدا لەنێوان ڕۆشنبیران و مامۆستایان ئاینی و دواجار سەرۆكی هەرێمیش هاتە سەر خەت و لە كۆنفرانسێكدا هەموو لایەكی كۆكردەوە بۆ ئەوەی لێك تێبگەن و كۆتایی بەو كێشەیە بێنن.

دیمانەی ڕابەر یونس عزیز، هەوار ئیسماعیل

12/05/2011 16:47