Wednesday, April 20, 2011

ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور نیگەرانە لە دۆخی ڕۆژنامەنووسانی هەرێم


هەولێر، 20 نیسان/ئەپریل (ئاكانیوز) – ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕاگەیەنراوێكدا كە لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی كردوەتەوە نیگەرانیی خۆی بۆ دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و داوا لە دەسەڵاتداران دەكات دەست بۆ توندوتیژی نەبەن لەبەرامبەریاندا.

ڕاگەیەنراوەكەی رێكخراوی پەیامێرانی بێسنوور لە كاتێكدا دێت كە خۆپێشاندانەكان لە سلێمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو توندوتیژیی بەخۆوە بینی و زیاتر لە 200 كەس لە سێ ڕۆژی ڕابردوو بریندار بوونە و ڕۆژنامەنووسانیش كە خەریكی روومالكردنی ڕووداوەكان بوونە كەوتوونەتە بەر ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ئاسایش.

ئەمە سێیەمین ڕاگەیەنراوی ئەو ڕێكخراوەیە لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوو كە لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسانی هەرێم بڵاوی دەكاتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە "ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور سەركۆنەی ئەو هەموو دۆخانەی هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەوانان دەكات لە كاتێكدا ئەوان خەریكی روومالكردنی خۆپێشاندانەكان بوونە لە كەلار، سلێمانی و هەولێر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو"

"لە هەندێ دۆخدا فیشەكی زیندوو بەكار هاتووە بۆ تەقەكردن بە شێوەیەكی هەڕەمەكی لە خۆپێشاندەران و ڕۆژنامەنووسان. ئەمە جێی قبولكردن نییە" لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

ئەو ڕێكخراوە هەروەها نیگەرانیی خۆی دەڕبڕیوە لەوەی كە هێزە تەناهییەكانی كوردستان بەشێوەیەكی "سیستمییانە بەدوای ڕۆژنامەوانانەوەن و لە هەندێ دۆخدا دادگەییشیان دەكەن و مەحكومیان دەكەن."

ڕێكخراوەكە ڕای گەیاندووە كە ئەوان داوا لە دەسەڵاتداران دەكەن سەلامەتیی رۆژنامەوانان و مافی كاری ئازادانەیان مسۆگەر بكات.

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەكەدا ناوی كۆمەڵێك پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس هاتووە كە لە هەولێر لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە لێیان دراوە یان گیراون و براونەتە بنكەی پۆلیس لەنێویشیاندا پەیامنێری ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێسی ئەمەریكایی.

وێڕای ناوهێنانی پەیامێرێكی ڕۆژنامەوی هاووڵاتی كە لە سلێمانی لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سەر بە یەكێتی نیشتكانی كوردستان دووچاری توندوتیچی بووەتەوە و گوللەیەك بەر دەستی كەوتووە.

ڕۆژی سێشەم، بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانیی پەیام فاروق عەلی بە بە ئاژانسی كوردستان بۆدەنگوباس ئاكانیوزی ڕاگەیاند كە دوو دەستە چەكدار لە دژەتیرۆر و ئاسایشی سلێمانی چواردەوری كەناڵەكەیانیان داوە و بەڕێوەبەری ئاسایشیش لەوبارەوە هیچ لێدوانێكی نەدا.

هەر لە سلێمانی پەیامنێری ئاكانیوز كامەران حەمەكەریم لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا ڕای گەیان لەكاتێكدا سەرقاڵی رووماڵكردنی خۆپێشاندانەكانی زانكۆی سلێمانی بوون، هێزە تەناهییەكان بە غازی فرمێسكڕێژ هێرشیان كرد و ئەوانەیش كە لە ناوچەكەدا بوون بە ڕۆژنامەنووسانیشەوە لە نێو زانكۆی سلێمانیدا گەمارۆ دران.

"لە هەردوو لاوە هێزە تەناهییەكان بۆ بڵاوە پێكردن غازی فرمێسكڕێژیان بە كار هێنا، ئێمەیش وەك تیمی رۆژنامەوانی لەو هەڵمەتەدا بەر كەوتین و توشی سەرسڕمان بووین، لاپتۆپ و كامێراكەم لێ ون بوون و نازانم چییان بەسەر هاتووە" حەمەكەریم وای گوت.

بەپێی ڕێكخراوی بەرگری لە ڕۆژنامەوانان كە بارگاكەی لە نیویۆركە لەەوەتەی ساڵی 2003ەوە 172 ڕۆژنامەنووس لە عێراق كوژراون.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی 2010ی ڕێكخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكان لە عێراق لەوەتەی دەستپێكدرنی شەڕی 2003 بە زیاتر لە 230 كەس دادەنێت كە ئەمەش دەكاتە زیاتر لە ژماری ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە تەواو هەموو شەڕی ڤێتنامدا كە ززز ساڵی خایان زیاترە.

هەر لەو ماوەیەەدا زیاتر لە 93 كارمەندی رۆنامەوانی لە عیچراق ڕفێنراون كە لەو ژمارەیە بە لایەنی كەم 42یان دواتر كوژراون و 14یان هێشتا بزرن.

ڕابەر یونس عزیز

بەڵگەی نهێنیی نوێ: شەڕی عێراق بۆ نەوت بوو

هەولێر، 20 نیسان/ئەپریل (ئاكانیوز) – لە كتێبێكی نوێدا كە شارەزایەكی بواری نەوت نووسیوەیەتی چەندان بەڵگەنامەی نوێ خراوەتە ڕوو كە شەڕی ئەمەریكا لە عێراق تەنیا لە پێناو نەوت بووە و هیچ پێوەندییەكی بە چەكی كۆمەڵكوژ و 11ی سێپپتێمبەرەوە نەبووە.

لە بەڵگەكاندا، هەروەها ئەوەش ئاشكرا كراوە كە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی نەوت چەند مانگێك پێش بڕیاری شەڕی عێراق لەگەڵ حكوومەتكەی تۆنی بلێری سەرەك وەزیرانی بەریتانیا كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە.

بەپێی بەڵگەكانی كتێبەكە، كە ڕۆژنامەی ئیندیپێندێت ڕاپۆرتێكی لەبارەوە بڵاو كردووەتەوە، و ماڵپەڕی زە دیبەیتیش thedebate.com لێكۆڵینەوەی لەسەر هەمان بابەت كردووە، ئیدارەی بۆش و تۆنی بلێر لە ساڵی 2001، شەش مانگ پێش 11ی سێپتێمبەر بڕیاری شەڕی عێراقی داوە و هۆكاری سەرەكیشی برێتی بووە لە دەستگرتنی ڕۆژئاوا بەسەر نەوتی عێراق.

بڕیاری كردەی سەربازی هیچ پێوەندییەكی بە 11ی سێپتێمەر و شەڕ لە دژی تیرۆر و پشكنینی چەكی كۆمەلكوژ و مافی مرۆڤی عێراقی یان هەر یەك لە فاكتەرەكانی تر كە ئەمەریكا بۆ ئەو شەڕە بە كارێ هێنا، نەبووە.

نووسەری كتێبەكە گرێگ میوتیت توانیویەتی زیاتر لە 1,000 بەڵگەنامەی نهێنی بە دەست بێنێت و كۆیان بكاتەوە بۆ نووسینی كتێبەكەی.

كتێبەكە "سووتەمەنی سەر ئاگر"ی میوتیت ئەوە پێشان دەدات كە لە ساڵانی 2006 و 2007 ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی هەوڵیان داوە پەرلەمانی عێراقی ناچار بكەن یاسایەكی نەوت پەسەند بكات كە كۆنترۆلی نەوت دەخاتە دەستی كۆمپانیا بیانییەكانەوە و دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ پێداچوونەوەی ڕێككەوتنەكانی نەوت پووچەڵ دەكاتەوە بەڵام لەو هەوڵانەدا سەركەوتوو نەبوو بەهۆی هەوڵی یەكێتییەكانی بازرگانی و پسپۆرانی نەوت و گرووپە مەزهەبییەكان و لایەنی تری عێراقی لە دژی یاساكە.

بەپێی ماڵپەڕی زە دیبەیت، تەنیا كەسانێك كە سوود لە شەڕی عێراق دەبینن ئەو بژارە دەوڵەمەندەیە كە پاڵپشتیی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بوشیان كرد لەگەڵ كەسانی وەكو بوش كە سەرمایەیەكی زەبەلاحیان لە وەبەرهێنانی كەرتی نەوتدا هەیە.

ئەو ماڵپەڕە هەروەها نووسیویەتی هەر بەهۆی ئەو شەڕەوە، قازانجەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان لە ساڵی 2011دا بە ڕێژەی 50% بەر بوونەتەوە، "كە داگیركارییەكە هێشتا هەر دەستیشی پێ نەكردووە".

بەپێی چەند پەرەگرافێك كە لە كتێبە نوێیەكە چەند پەرەگرافێكی لە ماڵپەڕی تایبەت بەو كتێبە بڵاو كراوەتەوە، كۆمپانیای شێل و بی پی بەلایەنی كەم پێنج جار لەگەڵ حكوومەتەكەی تۆنی بلێر كۆبوونەتوە پێش دەستپێكردنی شەڕی عێراق.

هەروەها زە دیبەیت دەنووسێت كە كۆمپانیای هاڵیبێرتۆن بۆ خزمەتگوزاریی نەوتی كە بارەگاكەی لە تێكساسە و پێشتر لەلایەن جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمەریكا دیك چینییەوە بەڕێوە دەبرا كۆنتراكتێكی لەلایەن حكوومەتی ئەمەریكاوە پێ دراوە بۆ كاركردن لە عێراقی دوای شەر بە بڕی 900 ملیۆن دۆلار.

هەر بەپێی ئەو بەڵگەنامە نهێنییانەی ئەمەریكا، ئەمەریكا خۆی چەكی كۆكوژی بە عێراق فرۆشت كە دواتر بەوە تاوانباری دەكرد ئەو چەكانەی هەبێت و یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی شەڕی دژی عێراق بوو.

لە لێكۆڵینەوەكانی زە دیبەیتدا هاتووە كە لە ساڵی 1983 دۆناڵد رەمسفیڵد، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، كە یەكێك بوو لە پاڵپشتیكەرە بەهێزەكانی بۆش بۆداگیركردنی عێراق، كۆبوونەوەیەكی نهێنیی لەگەڵ سەدام حوسێن بەناوی حكوومەتی ئەمەریكاوە كردووە و ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی ئەمەریكا چەك بفرۆشێتە عێراق و هەروەها قەرزیشی بۆ ڕێك خستووە تا ئەو چەكانەی پێ بكڕێت.

هەروەها باسی ئەوەش دەكات كە ئەمەریكا لەو شەڕانەدا سوودی ئەوە دەكات كە چەك بەو وڵاتانە دەفرۆشێت.

ئەمەریكا لە كۆی 12,000 لاپەڕەی ڕاپۆرتێكی عێراق لەبارەی ئەستۆپاكی لە چەكی كۆكوژ بۆ نەتەوە یەكگرتووەكانی ئامادە كردبوو، 8,500 لاپەڕەی لاداوە پێش ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بیبینن. تەنیا ئەندامە هەمیشەیییەكان ڕێگەیان پێ دراوە هەر هەمووی ببینن، بەپێی زە دیبەیت.

هەروەها ئەوەشی دەخاتە سەر كە ئەمەریكا پاڵپشتیی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵتیی بەپارە بەدەست هێناوە بەوەی پشكێكیان لە تاڵانی شەڕ پێشكێش بكات. لەلایەكی تریش ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجوومەنەكە پشكی هەمیشەییان بۆ مسۆگەر كراوە لە قازانجەكانی نەوتی عێراق بە مەرجێك كە بێدەنگ بن لە ئاست ڕاگەیاندنی شەڕ.

ڕابەر یونس عزیز