Wednesday, April 20, 2011

ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور نیگەرانە لە دۆخی ڕۆژنامەنووسانی هەرێم


هەولێر، 20 نیسان/ئەپریل (ئاكانیوز) – ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕاگەیەنراوێكدا كە لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی كردوەتەوە نیگەرانیی خۆی بۆ دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و داوا لە دەسەڵاتداران دەكات دەست بۆ توندوتیژی نەبەن لەبەرامبەریاندا.

ڕاگەیەنراوەكەی رێكخراوی پەیامێرانی بێسنوور لە كاتێكدا دێت كە خۆپێشاندانەكان لە سلێمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو توندوتیژیی بەخۆوە بینی و زیاتر لە 200 كەس لە سێ ڕۆژی ڕابردوو بریندار بوونە و ڕۆژنامەنووسانیش كە خەریكی روومالكردنی ڕووداوەكان بوونە كەوتوونەتە بەر ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ئاسایش.

ئەمە سێیەمین ڕاگەیەنراوی ئەو ڕێكخراوەیە لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوو كە لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسانی هەرێم بڵاوی دەكاتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە "ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور سەركۆنەی ئەو هەموو دۆخانەی هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەوانان دەكات لە كاتێكدا ئەوان خەریكی روومالكردنی خۆپێشاندانەكان بوونە لە كەلار، سلێمانی و هەولێر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو"

"لە هەندێ دۆخدا فیشەكی زیندوو بەكار هاتووە بۆ تەقەكردن بە شێوەیەكی هەڕەمەكی لە خۆپێشاندەران و ڕۆژنامەنووسان. ئەمە جێی قبولكردن نییە" لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

ئەو ڕێكخراوە هەروەها نیگەرانیی خۆی دەڕبڕیوە لەوەی كە هێزە تەناهییەكانی كوردستان بەشێوەیەكی "سیستمییانە بەدوای ڕۆژنامەوانانەوەن و لە هەندێ دۆخدا دادگەییشیان دەكەن و مەحكومیان دەكەن."

ڕێكخراوەكە ڕای گەیاندووە كە ئەوان داوا لە دەسەڵاتداران دەكەن سەلامەتیی رۆژنامەوانان و مافی كاری ئازادانەیان مسۆگەر بكات.

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەكەدا ناوی كۆمەڵێك پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس هاتووە كە لە هەولێر لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە لێیان دراوە یان گیراون و براونەتە بنكەی پۆلیس لەنێویشیاندا پەیامنێری ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێسی ئەمەریكایی.

وێڕای ناوهێنانی پەیامێرێكی ڕۆژنامەوی هاووڵاتی كە لە سلێمانی لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سەر بە یەكێتی نیشتكانی كوردستان دووچاری توندوتیچی بووەتەوە و گوللەیەك بەر دەستی كەوتووە.

ڕۆژی سێشەم، بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانیی پەیام فاروق عەلی بە بە ئاژانسی كوردستان بۆدەنگوباس ئاكانیوزی ڕاگەیاند كە دوو دەستە چەكدار لە دژەتیرۆر و ئاسایشی سلێمانی چواردەوری كەناڵەكەیانیان داوە و بەڕێوەبەری ئاسایشیش لەوبارەوە هیچ لێدوانێكی نەدا.

هەر لە سلێمانی پەیامنێری ئاكانیوز كامەران حەمەكەریم لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا ڕای گەیان لەكاتێكدا سەرقاڵی رووماڵكردنی خۆپێشاندانەكانی زانكۆی سلێمانی بوون، هێزە تەناهییەكان بە غازی فرمێسكڕێژ هێرشیان كرد و ئەوانەیش كە لە ناوچەكەدا بوون بە ڕۆژنامەنووسانیشەوە لە نێو زانكۆی سلێمانیدا گەمارۆ دران.

"لە هەردوو لاوە هێزە تەناهییەكان بۆ بڵاوە پێكردن غازی فرمێسكڕێژیان بە كار هێنا، ئێمەیش وەك تیمی رۆژنامەوانی لەو هەڵمەتەدا بەر كەوتین و توشی سەرسڕمان بووین، لاپتۆپ و كامێراكەم لێ ون بوون و نازانم چییان بەسەر هاتووە" حەمەكەریم وای گوت.

بەپێی ڕێكخراوی بەرگری لە ڕۆژنامەوانان كە بارگاكەی لە نیویۆركە لەەوەتەی ساڵی 2003ەوە 172 ڕۆژنامەنووس لە عێراق كوژراون.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی 2010ی ڕێكخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكان لە عێراق لەوەتەی دەستپێكدرنی شەڕی 2003 بە زیاتر لە 230 كەس دادەنێت كە ئەمەش دەكاتە زیاتر لە ژماری ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە تەواو هەموو شەڕی ڤێتنامدا كە ززز ساڵی خایان زیاترە.

هەر لەو ماوەیەەدا زیاتر لە 93 كارمەندی رۆنامەوانی لە عیچراق ڕفێنراون كە لەو ژمارەیە بە لایەنی كەم 42یان دواتر كوژراون و 14یان هێشتا بزرن.

ڕابەر یونس عزیز

No comments:

Post a Comment

Comments will be automatically published without any moderation.