Monday, November 29, 2010

ویكیلیكس: باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا هەڵسەنگاندنی بێپەردە بۆ سەرانی دنیا دەكەن

AK Logo

هەولێر، 29 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر (ئاكانیوز) – ماڵپەڕی ویكیلیكس دەستی كردووە بە بڵاوكردنەوەی نێزیكەی چارەگە ملیۆنێك بەڵگەنامەی نهێنی باڵوێخانەكانی ئەمەریكا كە لەسەرتاسەری دنیاوە بۆ واشنتۆنیان ناردووە و تێیاندا دەردەكەوێ كە هەڵسەنگاندنی بێپەردە بۆ سەرانی دنیا كراوە.wikileaks


ویكیلیكس لە ڕۆژی یەكشەمەوە دەستی كردووە بە پرۆسەی بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەكان و هەر ئەو ڕۆژە لەسەر ماڵپەڕی تویتەردا ڕای گەیاند كە دووچاری هێرشێكی هاككردن بوونەتەوە بەڵام ئەگەر لەسەر تۆڕی ئینترنێتیش نەبێت لەسەر ڕۆژنامەكان بەڵگەنامەكان بڵاو دەكاتەوە.


بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە نیگەرانیی لای ئیدارەی ئۆباما دروست كردووە و هەر چەند ڕۆژێك پێش ئێستە بەرپرسانی چەندان وڵاتیان ئاگەداركردەوە لەوەی كە چاوەڕوانیی چی بكەن لەو بەڵگەنامانە.


لە لێدوانێكدا كۆشكی سپی ئیدانەی بڵاوكردنەویە ئەو بەڵگەنامانەی كرد و ڕای گەیاند كە ئەمە دەبێتە هۆی خستنە مەترسیی گیانی دیپلۆماتكارەكانیان.


"ئاشكراكردنی (بەڵگەنامەگەلی) ئاوا، دیپلۆماتەكانمان، پیشەوەرە هەواڵگرییەكانمان، و خەڵكان كە لەسەرتارسەری دنیاوە دێنە ئەمەریكا بۆ هاریكاری لە پەرەپێدانی دیموكراسی و حكوومەتی كراوەدا، دەخاتە مەترسییەو" لە بەیاننامەكەدا هاتووە.


تا ئێستە زیاتر لە 220 لە كۆی 251،282 بەڵگەنامەی نهێنی كە لە باڵوێزخانەكانی وڵاتی ئەمەریكاوە بۆ واشنتۆن نێردراون لە لایەن ویكیلیكسەوە هاتوونەتە بڵاوكردنەوە و ڕای گەیاندووە كە ئەوانەی تر بە چەند قۆناخێك لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بڵاو دەكاjەوە.


هەندێك لە هەڵسەنگاندنەكان بۆ سەرانی دنیا كە لە بەڵگەنامكەكاندا هاتووە بەم شێوەیە:


سەرەك وەزیرانی ئیتاڵیا سلڤیۆ بەرلسكۆنی " وەكو سەركردەیەكی مۆدێرنی ئەوروپایی كەسێكی بێهێز و بێ كەڵك و بێتوانایە". هەروەها لە ڕاپۆرتێكی تریش لەبارەی بەرلسكۆنییەوە هاتووە كە ئەو "سەركردەیەكی لاوازە هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی فیزیكییەوە"


سەرۆكی كۆریای باكور كیم جینگ ئیل "پیرە پیاوێكی لەڕ"ە.


سەرۆكی ئەفغانستان حەمید كەرەزای "پیاوێكی تا بڵێی بێهێزە كە گوێ بە ڕاستییەكان نادات بەڵكو هەریەكێك بێتە لای و بێسەروبەرترین چیڕۆك و پیلانی دژی ئەوی پێ ڕابگەیەنێت بەئاسانی كاری تێ دەكات"


سەرۆكی یەمەن عەلی عەبدوڵا ساڵح لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جۆن برێنان، جێگری ڕاوێژكاری تەناهیی نیشتمانیی سەرۆكی ئەمەریكا باراك ئۆباما، "ناجدی، بیتام و بێسەبر بوو"


رۆبێرت مۆگابی، سەرۆكی زیمبابوێ، بە "پیاوە پیرە شێتەكە" ناوی براوە.


سەرەك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتنیاهۆ "ڕێك و كۆكە" بەڵام هەرگیز بەڵێنەكانی ناباتە سەر.


ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێركڵ "خۆی لە مەترسی دووردەگرێت و بە دەگمەن نەبێ توانایەكی داهێنانی نییە"


سەرۆكی ئێران مەحموود ئەحمەدی نەژاد بە "هیتلەر" بەراورد كراوە.


سەرۆك وەزیرانی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بە "كۆمەڵێك ڕاوێژكاری ناشایستەوە" حوكم دەكات.


سەرەك وەزیرانی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین "نێرە سەگە" بەڵام سەرۆكی ڕووسیا دیمیتری مێدڤیدَڤ "ڕەنگزەرد و دوودڵە" و "ڕۆڵی ڕۆبن بۆ باتمانەكەی پوتین دەگێڕێ"


ڕۆبن كاراكتەرێكە لە فیلمی كارتۆنیی باتمان كە كوڕێكی گەنجە و هەردەم یاریدەری باتمانە.


سەرۆكی لیبیا موعەممەر قەزافی كەسێكی "سەیر"ە و هەردەم "پەرستارە قژزەردە ئۆكرانیایییە لەشجوانەكەی لەگەڵدایە"


سەرۆكی فرەنسا نیكۆلا ساركۆزی "ستایلێكی شەخسیی نەرم بەڵام دەسەڵاتداری" هەیە و "ئیمپراتۆرێكی بێ جلوبەرگە"


شای سعوودیە عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز داوای لە ئەمەریكا كردووە "سەری مارەكە بببڕێت" و ڕێگە لە ئێران بگرێت لە بەدەستهێنانی چەكی ناوكەیی.


ڕابەر یونس عزیز
, تشرینی دووەم 29th 2010 11:45 AM

No comments:

Post a Comment

Comments will be automatically published without any moderation.