هەولێر 11 كانوونی یەكەم/دیسَمەر (ئاكانیوز) – چاوەڕوان دەكرێ ئەو بارانەی لە دوێنێوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان باری تا ناوەڕاستی عێراق بگرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسیی هەرێمیش موژدەی دڵخۆشكەری پێیە كە تا چەند رۆژی تر بەردەوام دەبێت.
دوێنێ شەو 10 كانوونی یەكەم/دیسَمبەر لە هەولێر باران بەشێوەیەكی نم نم دەستی پێ كرد و پاشان بوو بە بارانێكی تەڕ كە خۆشی و هیوای خستە دڵی خەڵك بە گشتی و جوتیار و گوندنشینان بە تایبەتی. بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەی كوردستان حەسەن وەهاب دەڵێت بەپێی پێشبینییەكان ئەو بارانە تا 2-3 ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت.
"پێشبینی دەكرێت ئەو بارانە لە هەموو هەرێمی كوردستان، بە ناوچەی گەرمیان و كەركوكەوە، تا ناوەڕاستی عێراقیش بگرێتەوە. بەڵام بەشَوەیەكی چڕتر پارێزگەی دهۆك" وەهاب وای گوت.
لە هەرێمی كوردستاندا، وەرزی بارانبارین بەگشتی دەكەوێتە نێوان مانگی 9 بۆ سەرەتای مانگی 5، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا باران لە كاتی خۆی دوا دەكەوێ و زووتریش كۆتایی دێت كە ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵك لەو هەرێمەدا كە زیاتر پشت بە باران دەبەسترێت بۆ ئەنجامدانی كشتوكاڵ و بەرهەمی گەنم و جۆ.
لە كۆتاییی مانگی تشرینی دووەم و سەرەتای كانوونی یەكەمەوە، هاووڵاتییان لە زۆر ناوچەی هەرێمی كوردستان لە ماڵ و كارەكانیان دەرچوون و ڕوویان لە دەشت و دەر كرد وەك نەریتێكی ساڵانە بۆ ئەنجامدانی نوێژە بارانە بۆ ئەوەی خوای گەورە بارانیان بۆ ببارێنێت.
وەهاب پێشتر بە ئاكانیوزی گوتبوو كە بۆی هەیە لە ناوچە شاخاویەكاندا بەفریش ببارێت. بەپێی قسەكانی وەهاب ئەوان لە دەزگەی كەشناسیدا پێشبینیی ئەوەیان كردبوو كە لە ڕۆژانی "11 لەسەر 12ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر باران لە هەولێر ببارێت، بەڵام لەبەرئەوەی ڕۆژی پێشتر هەینی بوو و دەوامی ڕەسمیمان نەبوو بۆیە پێشوەختە هەواڵی ئەم بارانبارینەمان ڕانەگەیاند"
ڕابەر یونس عزیز , كانونی یەكەم 11th 2010 9:56 AM |
No comments:
Post a Comment
Comments will be automatically published without any moderation.