لە سەروبەندی ئەو هەرا و توندوتیژییەی بەم دواییە لە سلێمانی بەرپا بوو و بارودۆخی كوردستان كەوتە بارێكی شپرزەوە بەهۆی تەشەنەكردنی خۆپێشاندانەكان و لێكەوتنەوەی كوژرا و بریندار و سووتانی داوودەزگەی حیزبی، ڕایەك هەیە كە خۆپێشاندان تا هێمنانە تر بێ دیموكراتیتر و جوانتر دەبێ و كاریگەریشی بۆ سەر حكوومەت زیاتر دەبێت. بەڵام بەڕای من ئەمە شتیكی نیسبییە و پێوەستە بەو حكوومەتەی خۆپێشاندەران ناڕەزایەتیی لەدژ دەردەبڕن و تا چەند ئامادەیی تێدایە گوێ بگرێت. لە ڕووی گوێگرتن بۆ ناڕەزایی وەڵامداندا حكوومەتگەل دەبن بە سێ جۆر: یەكەمیان گوێ لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی هێمنانە دەگرێت، دووەمیان گوێ لە خۆپێشاندانی توندوتیژ دەگرێت، لە كاتێكدا سێیەمیان گوێ لە هیچ ناڕەزایەتییەك ناگرێت.
بۆ جۆری یەكەمی حكوومەتان كە گوێ و لە ناڕەزایەتیی خۆپێشاندەری هێمن دەگرن خۆپێشاندانەكانی شۆڕشی پرتەقاڵیی ئۆكرانیا باشترین نموونەیە. لە ساڵەكانی 2004-2005 خۆپێشندەران لە ئۆكرانیا داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییان دەكرد لەبەرئ ئەوەی ڤیكتۆر یانوكۆڤیچی سەركەوتوو لە هەڵبژاردن تۆمەتبار كرا بەوەی هەڵبژاردنەكە لە بەرژەوەندیی ئەو ساختە كراوە. خۆپێشاندان و ناڕەزایی هێمنانە لە كیێڤی پاتەختدا لە مانگی تشرینی دووەمی 2004 تا مانگی كانوونی دووەمی 2005 بەردەوام بوو تا هەڵبژاردن ئەنجام درایەوە و دەركەوت ڤیكتۆر یوشچینكۆی ڕكابەر بە ڕیژەی 52 لە سەد بەسەر ڤیكتۆر یانوكۆڤیچدا سەر كەوت. بۆ جۆرەكەی دووەم كە تەنیا گوێ لە خۆپێشاندانی توندوتیژ دەگرێ و گرینگی بە خۆپێشاندانی هێمن نادا تا دواجار خۆپێشاندان كوشتنی لێ دەكەوێتەوە و فشاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر كۆ دەبێتەوە مل بۆ خۆپیشاندەران نادا، ئەوا نموونەی میسر و تونس باشترین نموونەن. لە میسر دەسەڵات پێی لە زەویدا داچەقاندبوو و ئامادەی ملدان نەبوو تا كوژرانی دەیان كەس و برینداربوونی سەدانی تری لێ كەوتەوە ئەوجا دەسەڵات گوێی بۆ خۆپیشاندەران گرت بەڵام تازە كار لە كار ترازا بوو. لە حكومەتی جۆری سێیەم كە گوێ نە بۆ خۆپێشاندانی هێمن و نە توندوتیژ نادا و تا دوا هەناسە دەست لە بیناقاقای میللەت و وڵات هەڵناگرێ و هەرچی بەشێوەیەكی هێمن یان توند داواكاری خۆی بخاتە روو بە خائین و دوژمن دێتە لەقەڵەمدان و سەری پان دەكرێتەوە، لیبیا نموونەیەكی هەنووكەیییە. موعەممەر قەزافی پێی وایە میللەت دوژمنە و بەكرێگیراوی ئەفەریقییایی هێناوە بۆ شەڕكردن لە دژی خەڵكی خۆی تا ئێستە هەزاران كەس بەو هۆیەیوە كوژراون.
من دڵنیام كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە جۆری سێیەمیان نییە بەڵام بەهۆی ئەو ڕووداوانەی شلێمانیشەوە گومانم هەیە لەوەی كە لە جۆری یەكەمیان بێ. با زیاتر بە نموونە ئەوە ڕوون بكەینەوە: بەهۆی یاسای خۆپێشاندانەوە لە زۆربەی شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان بەڕێوە چوون لە دژی ئەو یاسایە و داوا لە پەرلەمان و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم كرا ئەو یاسایە پەسەند نەكرێ بەڵام گوێ بە داوای خۆپێشاندەری هێمن نەدرا. لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكانی سلێمانیش حكوومەت دەست بەجێ نەچووە پێشوازیی خەڵك و بزانی داواكارییان چییە و گوێپان لێ بگرێت تا خۆپێشاندانی هێمنانە گۆڕا بۆ توندوتیژ. كە واشی لێ هات ئیتر لەبری ئەوەی هەوڵی هێمنكردنەوەی دۆخەكە بدرێت و گوێ لە خەڵك بگرن و بەزووترین كات داواكانیان جێبەجێ بكەن خۆپێشاندەران بە "ئاژاوەگێرَ" هاتنە ناوزەدكردن.
ئەمە گەورەترین هەڵەی بەرپرسانی حكوومەت، هەر لە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمان (من باسی بەرپرسانی حزبی ناكەم چونكە حیزب لە ڕوانگەیەكیك حیزبیەوە قسە دەكات نەك لەو ڕوانگەی كە باوكی میللەتە) ئەوە بوو كە خۆپێشاندەرانیان بە ئاژاوەگێرَ وەسف كرد و ملیان نەدا بۆ ئەوەی دان بە خۆپێشاندانەكانیاندا بنێن و گوێیان لێ بگرن. من دەڵێم ئەمە هەڵەیەكی گەورە بوو كە وایان ناوزەد بكەن چونكە هەر ئەو "ئاژاوەگێرَانەن" كە دواجار حكومەت دەبێ ملیان بۆ بدا و گوێشیان لێ بگرێ و داواكانیشیان جێبەجێ بكات. ئەو دانیشتنە نائاساییەی 23ی شوباتیش لە پەرلەمانی گوردستان خۆی لە ئەنجامی فشاری ئەو "ئاژاوگێڕانە" و داواكارییەكانیان بوو لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو خاڵانەی خۆپێشاندەران لە یاداشتێكی 9 خاڵیدا پێشكەشی دەسەڵاتدارانیان كرد لە سلێمانی لە بڕیارە 17 خاڵییەكەی پەرلەماندا هاتبوون، بۆ نموونە ئەنجامدانی ریفۆرم و بنبڕكردنی گەندەڵی و كشانەوەی هێزەكانی زێرەڤانی و جارێكی تر نەجوڵاندنی ئەو هێزانە لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر تەنیا لە حاڵەتی هەبوونی هەڕەشەیەكی نیشتمانی لە هێزێكی دەرەكییەوە.
بۆیە من پێم وایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی خستە نێو خانەی دووەمی ئەو حكوومەتانە كە تەنیا گوێ لە خۆپێشاندانی توندوتیژ دەگرن دەنا لە حاڵەتی خۆپێشاندان و ناڕەزاییی هێمنانەوە تەنیا گەمەی چاوشاركێ دەكەن. بە كورتی ئەگەر حكوومەتی هەرێم یەكێك بیەوێ خۆپێشاندان تەشەنە نەكات و توندوتیژی بەرهەم نەهێنێ پێویستە گوێ لە خەڵك ڕابگرێ و داواكانیشیان جێەجێ بكات.
No comments:
Post a Comment
Comments will be automatically published without any moderation.