هەولێر، ئادار/ مارس (ئاكانیوز) – بەو پێیەی هەرێمی كوردستانیش خۆی بە سیستەمێكی دیموكراسیی دەزانێ، گیراوانی هەرێمیش وەكو هەر وڵاتێكی دیموكراسی پێویستە ماف و پێداویستییەكانیان مسۆگەر بكرێت. لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گرتیگەی نەوجەوانانی هەولێر (ئەحداس) باس لە مافەكانیان دەكات لە كاتێكدا گیراوان و توێژەرانیش داوا و قسەی خۆیان هەیە.
گرتیگەی ئەحداس 117 گیراوی ئافرەت و نەوجەوانی تێدایە كە تەنیا 57یان بەپێی دادگە سزا دراون، بەڵام 59یان چاوەڕوانیی بڕیاری دادگەن ئاخۆ ئازاد دەكرێن یان دادگە بڕیاری تاوانباربوونیان دەدات.
بەڕێوەبەری گرتیگەكە، موئەیەد حەمەدئەمین، تا "ڕادەیەكی باش" لە مسۆگەركردنی مافەكانی گیراوان ڕازییە بەڵام پێی وایە دەیانتوانی مافی زیاتر بۆ گیراوەكان دابین بكەن ئەگەر شوێنی گونجاویان هەبوایە و توانای زیاتریان لەبەر دەست بووایە.
"بەپێی پێوەرەكانی مافی مۆرڤ و بەپێی گونجاویی شوێنەكە توانیومانە ئەو مافانەیان بۆ دابین بكەین كە لە یاسای مافی مرۆڤدا هاتووە. هەر تاكێك لە زیندان مافی خۆی پارێزراوە."حەمەدئەمین وای گوت.
لەو مافانەی بۆ گیراوەكان دابین كراوە "هەر گیراوێك دەتوانێ ڕۆژانە سەردانی پزیشك بكات لە ڕێگای توێژەرانی كۆمەڵایەتی بە مەبەستی چارەسەركردنی لە كاتی پێویست، قوتابخانەمان هەیە لە سەر شێوازی خوێندنی خێرا كە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە سەرپەرشتیی دەكات و گیراو دەتوانێ تێیدا بخوێنێ تا قۆناغی ناوەندی تەواو دەكات (بە مەرجێك سزادراو بێت)، هەروەها خواردنی باشیان بۆ دابین دەكرێ "
بەڵام مافی خوێندن ئەوانە ناگرێتەوە كە ڕاگیراون (توقیف) لەبەرئەوەی شیمانە هەیە دوای بڕیاری دادگە بێتاوان دەرچن و ئازاد بكرێن. خۆ ئەگەر سزا دران، ئەو كاتە ئەوانیش مافە دەیانگرێتەوە لەبەرئەوەی لە ڕاگیراوەوە دەبێت بە گیراو.
هەروەها هۆڵی تایبەت هەیە بۆ ئەوانەی توانای یان ئارەزووی خوێندنیان نییە دەتوانن لەوێدا فێری كاری پیشەیی وەكو دارتاشی، ئاسنگەری، كارەبایی ببن، بێجگە لەوەی ئافرەتەكان دەتوانن خولی كاری دەستی وەكو دورمان و ئارایشت و كۆمپیوتەریش ببینن.
هەروەها لەم دواییانەدا خانووی پلاستیكیش بۆ گیراوە ئافرەتەكان دروست كراوە بۆ ئەوەی لەو خانووانەدا كاری كشتوكاڵی فێر ببن و بكەن و بەرهەمەكانیان لە بازاڕ بفرۆشێت و لە گیراوەكان خەرج بكرێت، بەپێی گوتی بەڕێوەبەری گرتیگە.
بەڵام گیراوەكان و توێژەرە كۆمەڵایەتییەكان ئەگەرچی ئەم مافانەی بەڕێوەبەر باسیان دەكات پشتڕاست دەكەنەوە، گلەیی ئەوەیان هەیە كە ئەم مافانەیان بەپێی پێویستییەكانی ئەوان نییە.
یەكێك لەو گیراوانە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت گوتی "من لێرە پۆلی نۆیەمی بنەڕەتیم تەواو كردووە، بەڵام پۆلی دەی ئامادەیی نییە تا درێژە بە خوێندن بدەم، بۆیە داواكارم خوێندنی ئامادەیی بكرێتەوە"
ئەو گیراوە هەروەها داواكاریی ئەوەی هەبوو كە كتێبخانەی گرتیگە كتێبی زیاتر و جۆراوجۆرتری لێ دابنرێ بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن سوود لەو كتێبانە وەر بگرن.
بەڕێوەبەری گرتیگە لەمبارەیەوە باس لە دوو "كێشە" دەكات كە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم كردنەوەی خوێندنی ئامادەیی "یەكەم نەبوونی شوێنی گونجاو، لەگەڵ ئەوەی كە تەنیا دوو كەس هەن كە خوێندنی پۆلی سێیان تەواو كردووە و پێویستییان بەوەیە ئامادەیی بخوێنن"
كردنەوەی خوێندنی ئامادەییش بۆ"تەنیا دوو كەس كارێكی ئەستەمە" حەمەدئەمین وا گوت.
گیراوەكان لەبارەی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكانیش گلەیی ئەوەیان هەبوو كە ئەو دەرمانانەی لە گرتیگەدا دەست دەكەون هیچ دەرمانی چارەسەری نین، بەڵكو ئازارشكێنن. هەروەها پێویستییان بە پزیشكی چاو هەیە كە تا ئێستە نییانە. بێجگە لەوەی پزیشك هەفتەی یەك ڕۆژ لە گرتیگەن و ڕۆژانی تر نایەن.
بەڕێوەبەری گیرتیگەش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە دەرمانیان بەپێی پێویست نییە و ئەوان پێویستییان بە بنكەیەكی تەندروستیی تەواو هەیە كە دەرمانی چارەسەریی تێدا بێ بۆ گیراوەكان. "جاری واهەبووە جۆرە دەرمانێكمان نەبووە و لەدەرەوە دابینمان كردووە یان كڕیومانە بۆیان. ئەگەر ڕۆژێك زیندانییەك پێویستیی بە نەشتەرگەری هەبووبێت لە دەرەوە بۆمان ئەنجام داوە و خۆمان پێویستییەكانمان دابین كردووە وەكو پەیداكردنی خوێن"
لەمبارەیەوە توێژەی كومەڵایەتی نەوشار.... پێی وایە كە دەكرێ ئەو خزمەتگوزارییانە باشتر بكرێن بتوانرێ لەو بنكە تەندروستییە هەموو چارەسەرییەكی پزیشكیی تێدا بكرێت و پەنا نەبرێتە بەر نەخۆشخانەی دەرەوە چونكە ئەمە بەشێوەیەكی خراپ كار دەكاتە سەر تەندروستی و لایەنی دەروونیی گیراوەكان.
" لە ڕووی دەروونییەوە گیراو هەست بە شەرمەزاری و توندوتیژی دەكات كاتێك كۆمەڵێك خەڵك لە نەخۆشخانەكانی دەرەوە بەشێوەیەكی تایبەت سەیری دەكەن كە ئەو دەستی كەلەپچەكراوە و پۆلیسی لەگەڵ دایە" ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە وای گوت.
وێرای ئەوەی بردنە دەرەوەی گیراو لەلایەنی تەناهییەوە ئاسان نییە و پێویستی بە پاراستن و سەلامەتڕاگرتنی گیانی گیراو هەیە بەدابینكردنی ئۆتۆمۆبێلی تایبەت و شتی تریش.
ئەو هەروەها پێی وایە یەكێكی تر لە پێویستییە سەرەكییەكان پزیشكی دەروونییە لە كە لە گرتیگەی ئەحداسدا نییە. " زۆر پێویستە ئەگەر ڕۆژانەش نەبێت هەفتانە جارێك یان دوو جار سەردانی بەندكراوەكان بكات و لە ڕووی دەروونییەوە چارەسەرییان بكات"
توێژەرێكی تری كۆمەڵایەتی لە گرتیگەی ئەحداس كوردستان زرار باس لە چەن كێشەیەكی تری گیراوەكان دەكات وەكو پێویستیی هەبوونی پزیشكی ئافرەتان كە هەموو ڕۆژێك لە گرتیگە هەبن و دەوامی ئیشكگرییان هەبێت.
" پێویستە دكتۆری ئێشكگر هەبێت لە گرتیخانە كە هەموو ڕۆژێك لێرە بێت نەك حەفتەی یەك ڕۆژ بێت" كوردستان وای گوت
ڕەخنەیەكی تری ئەو توێژەرە ئەوە بوو كە ساڵانە دوو جار جلوبەرگ بەسەر گیراوەكاندا دابەش دەكرێ بەڵام ئەوان پێویستییان بە زیاتر لەمەیە. هەروەها ئەگەر گیراوێك ڕۆژێك دوای دابەشكردنی جلوبەرگ بێتە گرتیگە ئەوا تا شەش مانگ دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكات تا كاتی پێدانی جلوبەرگ دێتەوە بۆئەوەی ئەویش وەری بگرێت.
یەكێكی تر لە كێشەكان كە گیراوەكان گلەییان لێ هەبوو ئەوەیە خواردنەكان، هەرچەندە بە بڕوای ئەوان خواردنی باشن، درەنگ درەنگ دەگۆڕێن. بەپێی سیستەمی گرتیگە وەرزانە ئەو خشتەیەی خواردن دەگۆڕێن بۆیەش گرتییەكان لەوەی كە هەموو هەفتەیەك هەمان جۆر خواردن دەخۆن بێزار دەبن.
هاوكات ڕاگراوەكانیش پێیان وایە فایلی ڕاگیراوەكان زیاد لە پێویست دوا دەكەوێت جاری وا هەیە چەند مانگێكی پێ دەچێت تا بڕیار دەردەچێت كە بێتاوانن و بەر بدرێن، یان حوكم بدرێن.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گرتیگەی ئەحداس پێی وایە ئەوان هەرچی لەدەستیان بێت بۆ ڕاگیراوەكان كردوویانە و بەردان یان گرتنی هیچ كەسێكیش لە ئەستۆی ئەواندا نییە و بەرپرسیارێتیی دادگەیە.
ئەو بەڕێوەبەر گوتی كە هەموو ڕۆژێك نووسراو دەكەن بۆ سەرپەرشتیاری دادوەری و ئاگەداریان دەكەنەوە لەو دۆخانەی ماوەی ڕاگیرانیان زۆرە.
"ئەگەر لە دادگە بریارمان بۆ نەیەت كە یەكێك بەر بدەین ئێمە ناتوانین بەری بدەین" ئەو بەڕێوەبەرە وای گوت.
لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی فایلی ڕاگیراوەكان، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم دادوەر عەبدولباست عەبدوڵا فەرهادی بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند كە چەندان هۆكار هەن بۆ دوا كەوتنی یەكلاییبوونەوەی فایلی ئەو ڕاگیراوانە لەوانە دواخستنی دادگە لەلایەن كەسی دادخواز، بەهەڵە پێدانی زانیاری لەلایەن شكاتكارەوە، یان دیارنەبوونی شایەت.
"هەندێ جار هەیە شاهید دوای ڕاگیرانی كەسێك شوێنی دیار نییە ئێمە لە ڕێگەی موختاری گەڕەكەكانەوە هەتا دەیدۆزینەوە كاتێكی زۆری دەوێ، یان ئەو كەسە زانیاریی هەڵەی لەبارەی شوێنی خۆی داوە تا ئەگەر شایەتییەكەی بەدرۆ دەرچوو نەگیرێت " فەرهادی وای گوت.
هەروەها گوتی جاری وا هەیە كەسی شكاتكار دادگە دوا دەخات یان خۆی ناچێتە دادگە تا ئەو كەسەی ڕاگیراوە زیاتر لە گرتیگە بمێنێتەوە. جاری واش هەیە ئەو كەسەی ڕاگیراوە لەلایەن كەسی شكاتكارەوە زانیاریی هەڵە بە دادگە دراوە، لەم حاڵەتەشدا ئەگەر ئەو كەسە ڕاگیراوە دوای دەركەوتنی بێتاوانی داوای قەرەبوو بكات بەپێی یاسایەكی نوێی هەرێم كە لە 2011 دارەچووە ئەوا دادگە قەرەبوی بۆ وەردەگیرێ.
قەرەبووكردنەوەكەش لەسەر بنەمای لێكدانەوەی كات و داهات و زیانە ماددی و مەعنەوییەكان دەبێت.
هەندێك جار هەیە كەسێك بۆ ماوەی 8 مانگە لە گرتیگەدا ڕاگیراوە و كاتێكیش دادگە بریار دەدات فەرمانی گرتنی شەش مانگی بۆدەردەچێت كە لەم حاڵەتەدا كەسی ڕاگیراو دوو مانگیشی زیاتر لە ژووەروە بووە.
لەمبارەیەوە دادوەر فەرهادی بە (ئاكانیوز)ی گوت لەم حاڵەتە دادگە بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی ئەگەر لە كاتی دەركردنی بڕیاری گرتنی كەسی ڕاگیراو ئەو كەسە لەو ماوەیە زیاتر مابێتەوە. قەرەبووكردنەوەكەش بەپێی لێكۆڵینەوەی لێژنەیەك دەبێت كە كۆی زیانەكانی ئەو ماوەیەی زیاد لە گرتیگە بووە لێك دەداتەوە.
بەڵام ئەگەر دوای دەركردنی بڕیاری دادگە و ئەو كەسە ڕاگیراوە بێتاوان دەرچوو و دەركەوت بە هۆی تۆمەتی هەڵبەستراوەوە بووە ئەوا ئەو كاتە كەسی ڕاگیراو بۆی هەیە شكات تۆمار بكات و داوای قەرەبوو لەو كەسە بكات كە بە گرتنی داوە.
ڕاپۆرتی بڕوا ئەحمەد، ن: ڕابەر یونس