Saturday, November 27, 2010

براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی 2010 شیاوبۆ: من هیچ دوژمنێكم نییە!

براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی 2010

شیاوبۆ: من هیچ دوژمنێكم نییە!

ڕابەر یونس عزیز

"من هیچ دوژمنێكم نییە، و هیچ رقم نییە. هیچ كام لەو پۆلیسانەی چاودێری، دەستگیر، لێپێچینەوەیان لەگەڵ كردم، ئەو داواكارانەی تاوانباریان كردم، یان ئەو دادوەرانەی مەحكومیان كردم، هیچیان دوژمنی من نین. لە كاتێكدا من ناتوانم ئەو چاودێریكردن و گرتن و تاوانباركردن و مەحكومكردنە قبوڵ بكەم، من ڕێز لە پیشەكانتان و كەسایەتیتان دەگرم..."liu xiaobo

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆساڵی 2010 لە ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو (11-10-2010) بە فەرمی ڕاگەیەنرا كە بۆ چالاكوانێكە بە درێژایی دەیان ساڵ بە شێوەیەكی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی لەپێناو دیموكراسی و مافی مرۆڤدا كاری كردووە. ئەو چالاكوانە ناوی لیو شیاوبۆیە و یەكەمین چینییە ئەو خەڵاتە وەربگرێت. شیاوبۆ بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایی لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ و دیموكراسی لە چین لە دژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئێستە لە گرتیگەدایە و حوكمی 11 ساڵی بۆ بڕاوەتەوە. ئەمە جاری سێیەمە خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ دەبەخشرێتە كەسانێك كە لەلایەن حكوومەتانی خۆیانەوە بەند كراون و بە تاوانبار ئەژمار كراون لەدوای سەركردەی نەیارانی بورمی، ئونگ سان سوو كی، كە لە ساڵی 1991 خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرا، هەروەها دوای چالاكوانی ئەڵمانیایی داكۆكیكەرلە ئاشتی كارل ڤۆن ئۆسێتزكی لە ساڵی 1935دا.

سەرەتای چالاكیی شیاویۆ و قەسابخانەی گۆڕەپانی تیانانمێن

شیاوبۆ سەرەتا وەكو وانەبێژ لە مادەی ئەدەبی چینی لە زانكۆی پەكین كاری دەكرد. بۆ یەكەمجار كە خرایە بەندیخانەوە بەهۆی بەشداریكردنی ئەو بوو لە خۆپێشاندان و مانگرتنەكانی قوتابیان لە ساڵی 1989دا لە دژی دەسەڵاتداران لە گۆڕەپانی تیانانمێن لە پەكینی پایتەخت. ئامانجی ئەو مانگرتنە داواكردنی چاكسازیی سیاسی و دیموكراسیی و ئازادیی ڕادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ بوو. لەو مانگرتنەدا لیو شیاوبۆ بەشدار بوو.

مانگرتنەكە لە گۆڕەپانی تیانانمێن لە 13ی مانگی نیسانی 1989 لەلایەن قوتابیان و مامۆستایانەوە دەستی پێكرد و هەر زۆر بەخێرایی پەرەی سەند و لە 800 قوتابییەوە بوو بە 3000 و لەلایەن گشت چین توێژەكانی كۆمەڵگەوە هەر لە قەشە بووزییەكانەوە بگرە تا دادوەران و پۆلیس پاڵپشتییان لێ كرا، هەموو بەیەكەوە هانی قوتابییانیان دەدا. بەڵام دواتر سوپای ڕزگاریی گەلی چین بەچەك و دەبابەوە و كشانە نێو گۆڕەپانەكە و دەستیان كرد بە دەستڕیێژیكردن لەو خەڵكە كە بەشێوەیەكی ئاشتییانە و دیموكراسییانە مانیان گرتبوو و ناڕەزایییان دەردەبڕی. لە ئەنجامی ئەو قەسابخانەیەدا 400 تا 800 كەس لە مانگرتووان كوژران هەرچەندە مەزەندەی ئەەو هەیە هەزاران كوژرابن چونكە سوپا دوای ئەنجامدانی ئەو قەسابخانەیە هەموو بەڵگەیەكی لەدوای خۆی سڕییەوە. Image 68334

بەڵام ئەم ڕووداوە و گرتنی شیاوبۆ نەبووە هۆی تەمێبوونی و تەنیا كارەكەی لە دەست دا نەك دەنگە ڕاشكاوانەكەی. هەر زوو دوای ئازادكردنی دەستی كردەوە بە نووسین و گوتارە ڕەخنەئامێزەكانی لە دژی پارتی كۆمۆنیستی دەسەڵاتدار. لەو ڕۆژەوە كە سوپای چین بێ ڕەحمانە كەوتە گیانی مانگرتووان لە تیانانمێن، لیو بوو بە یەكێك لە قسەلەڕووترین و ڕاشكاوترین چالاكوان لە بواری مافی مرۆڤ و داكۆكیكردن لە دیموكراسی لە وڵاتی چین.

لە ساڵی 1996 بە تۆمەتی "تێكدانی یەكڕیزیی گەل" لیو بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕەوانەی كامپێكی پەروەردەیی كرا دوای ئەوەی ڕەخنەی لە پارتی كۆمۆنیست گرت. هەر دوای ئازادبوونی، لیو دووبارە دەستی كردەوە بە چالاكییەكانی لە دژی پارتی دەسەڵاتدار. بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر ئەوی كردە دووژمنی ئاشكرای پارتی كۆمۆنیست رۆڵی ئەو بوو لە نووسینەوەی "یاداشتی 08"

لەو رۆژانەدا، لیو بە پایسكلەكەی لە كامپەكەوە دەچووە لای ئەو ناوەندانەی كەسانی بیانی كاریان لی َ دەكرد بۆ ئەوەی نووسینەكانی بە فاكس بنێرنە كۆوار و بڵاوكراوەكانی دەرەوە.

یاداشتی 08 مانیفێستێك بوو لەلایەن بیرمەندانی چینییەوە نووسرابوو و ئیمزا كرابوو كە داوای چاكسازیی سیاسی و كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی پارتی كۆمۆنیستی دەكرد، وێڕای داواكاری بۆ گرەنتیكردنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆ. ئەو یاداشتە لە ساڵی 2008دا، لە 10ی كانوونی یەكەم لە یادی 60ەمین ساڵوەگەڕیی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بڵاوكرایەوە.

بیرۆكەی ئەو مانیفێستە لە "یاداشتی 77"ی چیكی سەرچاوەی گرتبوو كە لە ساڵی 1977 بڵاوكرایەوە و داوای چاكسازیی دەكرد لە كۆماری كۆمۆنیستیی چیكسلۆڤاكیا.

كاتێك یاداستی 08 بڵاوكرایەوە لەلایەن 303 بیرمەندی چینی ئیمزای لەسەر كرابوو. لەو كاتەوەش تا ئێستە لەلایەن چەندان هەزار كەسی ترەوە لە ناوەوە و دەروەی چیندا ئیمزا كراوە. نووسەری ئەو یاداشتی 08ە لیو شیاوبۆ بوو. هەر دوو ڕۆژ پێش بڵاوبوونەوەی یاداشتی 08، پۆلیس لیویان لە شوقەكەی خۆی دەرهێنا بۆ شوێنێكی نادیار ڕاپێچیان كرد و بۆ ماوەی شەش مانگ لە گرتیگەیەكی تەنیایی بەندیان كرد بێ ئەوەی كەس بزانی َ لە كوێیە یان ژنەكەی یان پارێزەرێكی بتوانێ پێوەندیی پێوە بكات.

لە مانگی حوزەیرانی 2009دا، لیو بە فەرمی تۆمەتبار كرا بە "هاندان بۆ وەرگێڕانی دەسەڵاتی دەوڵەت" كە تۆمەتێكە دەسەڵاتدارانی چین دەیدەنە پاڵ هەر كەسێك كە جورئەت بكات ڕەخنە لە پارتی كۆمۆنیست بگرێت. لیو بە 11 ساڵ زیندانی حوكم درا و لەو كاتەوە لە گرتیگەی زینژۆو لە هەرێمی لیاونینگ لە باكووری پەكین بەند كراوە.

بیروباوەڕی نەگۆڕی شیاوبۆ بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بە شێوەیەكی ئاشتییانە

شیاوبۆ باوەڕی وا بوو كە چین هەر دەبێ بەشێوەیەكی هەنگاوبەهەنگاو ئازادی و دیموكراسی پێشكێش بە خەڵكەكەی بكات و خەڵكیش لە بەرامبەردا هەر دەبێ بەردەوام هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە بدەن "بەشێوەیەكی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی"

لە لێدوانێكدا لە بەرامبەر دادگە لە ساڵی 2009دا كە تێیدا بە 11 ساڵ زیندانی حوكم درا، شیاوبۆ گوت: "من باوەڕم زۆر پتەوە كە پێشوەچوونی سیاسیی چین هەرگیز ناوەستێ، وە من لێوانلێوم لە گەشبینی و چاوەڕوانیی ئازادی بۆ چین لە داهاتوودا، لەبەرئەوەی هیچ هێزێك ناتوانێ ڕێ بە ئارەزووی مرۆڤ بۆئازادی بگرێت... چین لە كۆتاییدا دەبێتە وڵاتێكی سەروەریی یاسا كە تێیدا مافەكانی مرۆڤ سەروەرن. من هەروەها گەشبینم كە ئەو پێشوەچوونە لەو دادگەییكردنەشدا ڕەنگبداتەوە، هەروەها بەپەرۆشەوەم بۆ حوكمی تەواو و دادورانەی ئەو دادگەیە – حوكمێك كە بەرگەی تاقیكردنەوەی مێژوو بگرێت"

شیاوبۆ هەردەم هەوڵی دەدا بە شێوازێكی ئاشتییانە و ناتوندوتیژ گۆڕان لە سیاسەتی حكومەتدا و ئازادی ڕادەربڕین دیموكراسی بێنێتە ئاراوە. دوگزترێ كە لەبەر هەوڵەكانی لیو نەبوایە گۆڕەپانی تیانانمێن دەبوو بە یەك گۆمی گەورەی خوێن و قەسابخانەیەكی سەرتاسەری و هەزارەها كەس زیاتر دەكوژران لەبەرئەوەی هەندێك لە قوتابییەكان چەكیان پێ بووە ویستویانە بەچەك وەڵامی سەربازەكان بدەنەوە بەڵام لیو قسەی لەگەڵ كردوون و قایلی كردوون چەك دانێن و بەاشتییانە گۆڕەپانەكە جێ بێڵن.

بەدرێژایی ئەو هەمووساڵانەی خەباتی لەپێناو ئازادی و دیموكراسیدا كردوو، شیاوبۆ هەرگیز بیری لەوە نەكردووەتەوە هێز و توندوتیژی بەكار بێنێت و رقی لە كەس ببێتەوە! لە كاتی دادگەییكردنەكەی خۆیشیدا كە 11 ساڵ حوكمی بەسەردا سەپێنرا بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ وەگێڕانی دەسەڵات، لیو داكۆكی لەوە كرد كە ئەو تەنیا ویستوویەتی گۆرشانكارییەكی هەنگاوبەهەنگاو بەشێوەیەكی ئاشتیانە بێتە ئاراوە.

وێڕای ئەوەی كە چەندان جار لەلایەن حكوومەتەوە سزا دراوە و گیراوە بەڵام ئەو هەر ئامادە نەبووە هەوڵێستی خۆی بۆ هێنانە دی ئازادی و دیموكراسی بەشێوەیەكی ئاشتییانە بگۆڕێت. لەیەكێك لە گزتارەكانیدا دەڵێت "من هیچ دوژمنێكم نییە!" هەر ئەم هەڵوێستە نەگۆڕیشی بوو كە بووە هۆی ئەوەی لێژنەی نۆبڵ بە شیاوی ئەو خەڵاتەی بزانن.

سانسۆركردن بەربەست بوو لەبەردەم گەیاندنی دەنگی لیو بە دەرەوە

هەرچەندە لیو دەیان ساڵ كەمپینی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژیی بۆ دیموكراسی و مافگەلی مرۆڤ كردووە، بەڵام بەهۆی سانسۆركردنی میدیا و پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە دەنگی ناڕەزایی ئەو نەگەیشتووەتە بەر گوێی هاوبیرانی لە ناوەوە و دەروەی چین.

لە كاتی گواستنەوەی هەواڵی پێدانی خەڵاتی نۆیڵ بە لیو، كە لێژنەی نۆبڵ پەسنی لیوی دەكرد بۆ ئەو "خەباتە لەمێژینە و دوور لە توندوتیژییەی بۆ مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ لە چین" وەشانی هەردوو كەناڵی بی بی سی و سی ئێن ئێن لە چین وەستێنران. (گاردیان، 8 تشرینی یەكەم). لە هیچ شوێنێكی میدیای حكوومیی چینی ناوی شیاوبۆ نەدەبینرا لەسەر وێبسایتەكانیان. زۆر لە بەكارهێنەریانی مۆبایل تەنانەت ڕایان گەیاند كە نەیانتوانیوە كورتەنامە بنێرن كە ناوی شیوبۆی بەچینی تێدا بووە، (نیویۆرك تایمز، 8 ئۆكتۆبەر)

لە دەنگدانێكی ئینتەرینێتی دەركەوتووە كە ژمارەی ئەوانەی شتیان لەبارەی شیاوبۆوە بیستووە لەگەڵ ئەوانەی نەیانیستووە نێزیكەی وەكو یەكە. هەرلەبەر ئەوە كۆمیتەی نۆبڵ دوای ئەوەی خەڵاتەكەی دا بە لیو، ڕۆژی شەموو لە ڕێكەوتی 9-10-2010 ڤیدیۆیەكی لەبارەی ناوبراو لەسەر وێبسایتەكەی خۆی بڵاو كردەوە بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر بەو چالاكوانە ئاشنا بن.

كاردانەوەی نێودەوڵەتی لەبارەی خەڵاتكردنی لیو

خەڵاتكردنی لیو بە نۆبڵ كاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێ كەوتەوە و كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە بۆ داوای ئازاكردنی ئەو چالاكوانە لە حكوومەتی چین. سەرۆكی لێژنەی خەڵاتی نۆبڵ گوتی: "چین پێشێلی چەندان ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی دەكات كە ئیمزای لەسەر كردوون هەروەها پێشێلی چەندان دەقی یاسایی نێوخۆییش دەكات لەبارەی مافە سیاسییەكانەوە"

دوابەدوای ئەوە، گۆتیاری وەزارەتی دەرەوەی چین، ما ژاوزوو، ناڕەزایی دەربڕی و گوتی كە: "لیو تاوانبارێكە سەرپێچیی لە یاسای چینی كردووە. هەڵبژاردنی ئەو بۆ ئەو خەڵاتە بەتەواوی پێچەوانەی پرەنسیپەكانی خەڵاتەكەیە و سەرشۆڕییە بۆ خودی خەڵاتی ئاشتی هەروەها بۆ لێژنەی نۆبڵ كە خەڵاتەكە بدەن بە كەسێكی وا" دواتر باڵوێزی نەرویج لە پەكین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بانگ كرا بۆ وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر ئەو ڕێزلێنانەی لیو دەربڕن. (بی بی سی، 8 تشرین یەكەم)

سەرۆكی ئەمەریكا باراك ئۆباما گوتی لیو "ئازادیی خۆی بە قوربانی بیر و باوڕەكەی كردووە" و داوای كرد ئازاد بكرێت. هەر ڕۆژێك دوای ئەوەی خەڵاتەكە درا بە لیو، سەرۆكی تایوانیش داوای لە بەرپرسانی چین كرد كە چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ لیو شیاوبۆ ئازاد بكەن.

"ئەگەر لیو ئازاد بكرێت، ئەو هەنگاوە جێی ڕێز و پێزانینی زۆری وڵاتی تایوانە" ما ینگ جیو لە كۆبوونەوەیەكدا كە لەلایەن كۆمسیۆنی كاروباری هاووڵاتیانی دەرەوەی تایوانی لە تایپێی پایتەختدا بەبۆنەی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی تایوانی بۆ ئاهەنگگێڕانی ڕۆژی نیشتیمانی، وای گوات. (فۆكەس تایوان، 10 تشرینی یەكەم)

گۆتیاری حكوومەتی ئەڵمانیاش ستێفن سایبێرت گوتی پێویستە چین لیو ئازاد بكات بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێوڕەسمی خەڵاتوەرگرتنەكەدا ئامادە بێت. هەروەها وەزیری دەرەوەی فرەنسا بێرنارد كۆشنەریش داوای ئازادكردنی لیوی كرد

سەرچاوەكان:
1- EDITORIAL: Nobel's cell: China spurns the peace prize for a jailed dissident (http://www.tmcnet.com/usubmit/2010/10/10/5058638.htm) TMCnews. 10 October 2010.
2- Learn About 2010 Nobel Prize Winner Liu Xiaobo with Digital Media (http://www.suite101.com/content/learn-about-2010-nobel-prize-winner-liu-xiaobo-with-digital-media-a295039) Suite101. 10 October 2010.
3- Liu Xiaobo: I Have No Enemies: My Final Statement (http://chinadigitaltimes.net/2010/02/liu-xiaobo-i-have-no-enemies-my-final-statement/) China Digital Times.
4- Liu Xiaobo wins Nobel Peace Prize: a profile (http://www.telegraph.co.uk/news/worldnews/asia/china/8050873/Liu-Xiaobo-wins-Nobel-Peace-Prize-a-profile.html) Telegraph. 8 October 2010.
5- Nobel Peace Prize awarded to China dissident Liu Xiaobo (http://www.bbc.co.uk/news/world-europe-11499098) BBC. 8 October 2010.
6- Nobel Peace Prize Given to Jailed Chinese Dissident (http://www.nytimes.com/2010/10/09/world/09nobel.html) NYTimes. 8 October 2010.
7- Nobel Peace Prize awarded to China dissident Liu Xiaobo (http://www.bbc.co.uk/news/world-europe-11499098) BBC. 8 October 2010.
8- Nobel peace prize winners list 2010: how does Liu Xiaobo compare to previous medal holders? (http://www.guardian.co.uk/news/datablog/2010/oct/08/nobel-peace-prize-winners-list-liu-xiaobo) Guardian. 8 October 2010.
9- Talk of the Day -- President Calls for release of Liu Xiaobo (http://focustaiwan.tw/ShowNews/WebNews_Detail.aspx?ID=201010100006&Type=aTOD) Focus Taiwan. 10 October 2010.
10- (www.charter08.eu) Charter08.



*ئەم بابەتە لە ژمارە سێی گۆڤاری "واتە" كە لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراسەوە دەردەچێ بڵاو بووەتەوە

No comments:

Post a Comment

Comments will be automatically published without any moderation.