Saturday, November 27, 2010

كاتێك بەغدا مەڵبەندى زانستیی دنیا بوو

كاتێك بەغدا مەڵبەندى زانستیی دنیا بوو

نوسینی:جیم خەلیلی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕابەر یونس عزیز

لەسەدەی نۆیەمى زاینیدا لە سایەی خانەی حیكمەتی خەلیفە ئەبو جعفر ئەلمەئموندا زانستی ئیسلامی لە لوتگەی پێشكەوتندا بوو. ناوچەی باب ئەلشەرق (دەروازەی ڕۆژهەڵات)، كە دەكەوێتە ناوەراستی بەغدا، ناوەكەی لە دیوار و قایمكارییەكانی سەدەكانی ناوەڕاستی ئەو شارەوە هاتووە. ئەم دیوارانە دەشێ لە دەوروبەری نیوەی یەكەمی سەدەی دەیەمدا دروست كرابن. لەو ماوە كورتەی بەریتانیایییەكان لە كۆتای شەڕی یەكەمی جیهانیدا لەبەغدا بوون، تەلاری دەروازەی شاری بەغدا وەكو كلێسای سەربازی لەلایەن هێزە بەریتانیایییەكانەوە بەكار دەهێنرا. هیچ لەو دیوارانەی سەردەمی سەدەكانی ناوەڕاست یان دەروازەى ڕوَژ هەلاَت ئێستا نەماون. من باب ئەلشەرقم لەبیرە كە مەیدانێكی قەرەباڵغی بە دەنگەدەنگ و هەرا بوو لەگەڵ ئەو هەموو عەرەبانەى خواردن و دوكانى كەونە قەوان كە لە گوَڕەپانى پاس و تاكسییەكان بلاو بووبوونەوە. بەلاَم ناوەكەی وەبیرهێنەرەوەی فراوانبوون و گوَڕانى ئەم شارە سەربەرزەیە بەدرێژایى ئەو ساڵانە لەوەتەی لە ساڵی 762ی زاینى دروست كرا تا ببێتە مەڵبەندى نوێی دەسەلاَتی ئیمپراتوریەتى عەبباسیى بەهێز. بێگومان هیچ شارێك لەسەر ئەم زەوینە ئەوەندەى بەغدا نەهامەتی و وێرانكاریی بەخۆوە نەدیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ زیاتر لە نیو هەزارە، وەكو پایتەختی یەكێك لە هەرە بەهێزترین ئیمپراتۆرییەتەكانی سەر زەوی بەغدا دەوڵەمەندترین و سەربەرزترین و گەشەسەندووترین شار بوو.
لە سەرەتای سەدەی هەشتەمدا، كە ڕۆئاوای ئەوروپا لە سەردەمی تاریكیدا دەڕزایەوە، ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی ڕووبەرێكی وای داپۆشیبوو كە بەرفراوانتر بوو لە ڕووبەری ئیمپراتۆریەتی رۆمانی كە لە لوتكەی گەشەسەندندا بوو، تەنانەت لە رووبەری ئەو هەموو زەوییانەش فراوانتر بوو كە ئەسكەندەری گەورە داگیری كردبوو. ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی ئەوەندە بەهێز و كاریگەر بوو كە بە دڕێژایی 700 ساڵ زمانی زانست عەرەبی بوو.

شازادە مەئمونی رواڵ بەغدای لە هەڕەتی سەربەرزیدا بینی. شارێكی گەورەی جوان و ڕازاوە بە گومبەت و كۆڵانە سەرەكییەكانی كە بە شێوازی تەلارسازییی ورد و ئاڵۆزی عەباسییی بەناوبانگ دروست كرابوون. بەغدا هەر 50 ساڵ دوای دامەزرانی بووبووە گەورەترین شاری دنیا كە بە مەزەندەی هەندێ مێژوونووسان دانیشتوانی ئەو كاتەی زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بووە.

مەئمون یەكەمین خەلیفە نەبوو كە پاڵپشتی لە خوێندن و زانست بكات بەڵام بێگومان لە هەموویان بە جۆش و خرۆشتر و دڵسوزتر بوو. كاتێك گەنج بوو، قورئانی لەبەر كرد، مێژووی ئیسلامی خوێند، شیعری دەخوێند و باڵادەستیی خۆی لە ڕێزمانی عەرەبیدا، ئەو كاتە كە تازە لە قالبدا دەمەیی، سەلماند. ئەو هەروەها زانستی ژمێریاری و چۆنیەتی جێبەجێكردنی لە لێكدانەوەی باجدا خوێند. لەوەش گرینگتر، ئەو فێرخوازێكی زیرەكی فەلسەفە و ئاینزانی بوو، یان وردتر بڵێین ئەوەی كە لە عەرەبیدا پێ دەگوتری "كەلام" كە شێوەیەك لە مشتومڕ و ئارگومێنتی دیالێكتیكییە. ئاینزانە موسڵمانەكانی سەردەمی زووی ئیسلام لەو بڕوایەدا بوون كە تەكنیكی كەلام توانای ڕووبەڕووبوونەوەی پێ دەدان لە گفتوگۆ ئاینییەكاندا لەبەرامبەر ئاینزانە مەسیحی و جوولەكەكەكان كە لەگەڵ موسڵمانەكاندا هاوشان دەژیان و چەندان سەدە بوو خۆیان بە خوێندنی نووسنەكانی فەیلەسووفگەلی وەكو سوكرات و ئەفلاتۆن و ئەرۆستۆوە سویبووەوە، ئەو كەسایەتییە مێژوویییانەی سەردەمی گریكی كۆن كە ناوەكانیان بێ گومان لای مەئمونی لاو ئاشنا بوون. هەروەها ئەوەش شیمانەی زۆرەكە لەگەڵ هاتنی سەرەتای سەدەی نۆیەم هەندێك لە كارەكانی ئەو فەیلەسووفانە وەرگێڕدرابێتنە سەر زمانی عەرەبی.

لەژێر سایەی مەئمون و رۆحییەتی كرانەوە بەڕووی ئاین و كولتووركانی تردا كە ئەو دەیپاراستن، زۆر زانا لە سەرتاسەری ئیمپراتۆریەتی ئیسلامییەوە بەهۆی هەستكردن بە گەشبینی و ئازادیی ڕادەربڕینەوە بەرەو بەغدا هەڵكشان. هەموو هەفتەیەك، مێوانان داوەتی كۆشك دەكران، خواردن و خواردنەوەیان پێ دەدرا و پاشان لەگەڵ خەلیفەدا دەستیان بە گفتوگۆ دەكرد لە هەموو بابەتێكی زانستی هەر لە ئاینزانییەوە بگرە تا بیركاری. خەلیفە نێردراوی ڕەوانەی زەویی دوورەدەست دەكرد بۆ ئەوەی نووسین و دەقی زانستیی كۆنیان دەست كەوێت: یەكێك لەو نێردراوانە بە ناوی سەلمان سەردانی قوستەنتینیەی كرد بۆ ئەوەی دەقی گریكی لە ئیمپراتۆر لیۆی پێنجەم (لیۆی ئەرمەنی) بەدەست بێنێت. زۆرجار، سەركردە و فەرمانڕەوا بیانییەكان داوایان لێ دەكرا مەرجەكانی خۆبەدەستەوەدانیان بە پێدانی كتێب لە كتێبخانەی خۆیان لەجیاتی زێڕ لەگەڵ خەلیفەدا یەكلایی بكەنەوە.

مەئمون نێزیكەی شێتگیر بووبوو بەدەست ئەو ئارەزووەی خۆی بۆ كۆكردنەوەی هەموو كتێبەكانی دنیا لە ژێر یەك بنمیچدا، بۆ ئەوەی وەریان بگێڕیێتە سەر زمانی عەرەبی و داوا لە زاناكانی خۆی بكات بیانخوێنن. ئەو دەزگەیەی كە ئەویش دروستی كرد بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی لە هەموو شتێك زیاتر گەشەسەندنی ئەو سەردەمە زێڕینەی زانست بەرجەستە دەكات.

ئەمڕۆ هیچ شوێنەوارێكی بەرجەستەی ئەو ئەكادیمیایە نەماوە، بۆیە ناتوانین دڵنیا بین ئاخۆ ڕێك كەوتبووە كوێوە و شێوەی چۆن بووە. هەروەها هەندێ مێژوونووسانیش دەمەقاڵێی ئەوە دەكەن كە پانتایی و ئامانجی ئەو خانەی حیكمەتە و رۆلی مەئمون لە دروستكردنی بەسەریەوە نراوە. بەڵام ئەو خانەیە فرمانەكەی هەر چییەك بووبێت گومان لەوەدا نییە كە خانەی حیكمەت بارێكی ئەفسانەییی وەرگرتووە كە سیمبۆلی ئەو سەردەمە زێڕنەیە، هاوشان لەگەڵ كتێبخانەی ئەسكەندەرییەدا كە 1000 ساڵ پێشتر دامەزرابوو.

خانەی حیكمەت بە وەدەستهبَنانی كتێب و دەق لە وڵاتی گریك و فارس و هیندستان زۆر بەخێرایی گەشەی سەند، هەروەها لە قەبارەشدا زیاتر هەڵئاوسانی بەخۆوە بینی بە وەگێڕانی ئەو كتێبانە بۆ سەرزمانی عەرەبییەوە. پرۆسەی وەرگێڕانی كتێب بووبووە پیشە لە بەغدا. ئەو گەشەسەندنەش بەبەكارهێنانی كاغەز، كە عەرەبەكان لە دیلە چینییەكانەوە فێری بووبوون وەكو مادەیەكی نووسینی نوێ و هەرزانتر لەبری پاپیرۆسی میسری و پێستە، خێراتر دەبوو. وەرگێڕەكان كەسانێكیان هەبوو كە كارەكانیان دەنووسییەوە و چەندان كۆپییشیان لە هەر دەقێك دەنووسییەوە. لە ناوەراستی سەدەی نۆیەمدا، بەغدا بووبووە سەنتەری دنیای شارستانی كە بۆ ماوەی چەندان سەدە باشترین فەیلەسووف و زانای عەرەب و فارسی بۆ خۆی راكێشا.

بەناوبانگترین وەرگێری بەغدا، حونەین ئیبن ئیسحاق، لە شاری حیرەی كریستیانەكان لە دایك بووبوو و هەر بە كریستیانیش مابووەوە. ئەو چەندان ساڵ بە دنیادا دەگەڕا بۆ دەستكەوتنی دەستنووسی گریكی. گرینگترین میراتی ئیبن ئیسحاق وەرگێڕانی نووسینە پزیشكییەكانی گالینە لەبەرئەوەی نەك تەنیا ئەو گەنجینە بەنرخەی بەڕووی دنیای ئیسلامیدا كردەوە بگرە لە زۆر حاڵەتیشدا تەنیا لە ڕێی ئەو وەرگێڕانە عەرەبییانەوەیە كە زۆربەی كارەكانی گالین ئەمڕۆ بە دەست ئێمە گەیشتوون.

حونەینی زانا و گەنج لە ڕێی برایانی بەنو موساەوە – كە سێ كەسایەتیی ناودار بوون لە خانەی حیكمەتدا - ئاشنایەتیی لەگەڵ مەئموندا پەیدا كرد. گەورەترینی ئەو سێ برایە، محەمەد، دەگوترێ یەكەم كەس بووە كە گوتوویەتی تەنە ئاسمانییەكان وەكو مانگ و هەسارەكان پێڕۆی هەمان یاسای فیزیاوی دەكەن كە لەسەر زەوی هەن – كە ئەمەش لێكترازانێكی ڕوون بوو لەو وێنە ئەریستۆیییەی گەردوون . كتێبەكەی محەمەد بە ناوونیشلانی جوولەی ئەستێرەكان و هێزی كێشكردن، ئاماژەی ڕوون پێشان دەدات كە ئەو تێگەیشتینێكی نوێی بۆ ئەو هێزی كێشكردنە هەبوو هەرچەندە لە یاسای تاودانی زەویی نیوتۆن دوور بوو. ئەو سێ برایانە زیاتر بە داهێنانە جوانەكان و پرۆژە ئەندازەییەكانیان ناسراون. لە هەمووی ناودارتر ئەو كتێبەیانە بە ناوونیشانی "كتێبی فێڵان" (كتاب الحیل) كە لە ساڵیی 850دا بڵاو كرایەوە. ئەمە كتێبێكی گەورە بوو و بە وێنەی ئامرازی میگانیكیی وەكو ئامێر و مەتەڵ و فێڵ و ئەو شتانە ڕوون كرابووەوە، هەروەها یەكێك لە سەرنجڕاكێشترینی ئەو داهێنانانەی ئەوان برێتییە لە ئامێرێكی پرۆگرامكراو: شمشاڵژەنێكی رۆبۆتی.

یەكێكی تر لە خانەی حیكمەت لەلایەن مەئموونەوە دامەزرێنرابوو كە ئەمرۆ بە "فەیلەسوفی عارەبان" دەناسرێت. ئەو ناوی ئەلكیندی بوو (801-873) كە بە لاتینی بە "ئەلكیندوس" دەناسرێت و بەیەكەمین فرەعیلمی سەردەمی عەبباسی دادەنرێت. كیندی لە شاری بەسرە لە دایك بووە و لە عەشیرەتی كیندەیە. وا باوەڕ دەكرێت كیندی هەر لە سەردەمێكی زووی ژیانیدا سەرەفەری كردووە بۆ بەغدا و لەوێ خوێندوویەتی. كیندی بیركاریزانێكی گەورە بوو. هونەری كۆدشكاندنی خوێندبوو و یەكەمین تیۆردانەری گەورەی مۆسیقا بوو لە ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی. بەڵام ئەو زیاتر بەوە بەناوبانگە كە یەكەمین كەس بوو كە فەلسەفەی ئەریستۆی بە دونیای عارەبیزمان ناساند بەشێوەیەكی وا كە قبوڵكراو بێت بەلای جەماوەری موسڵمانەوە. ئەوەی لە كارەكانی كیندیدا زۆر گرینگ بوو ئەوەبوو لە شێوازی نووسینی ئەودا فەلسەفەی ئەریستۆ و ئاینزانیی ئیسلامی لەیەكدا دەتوێنەوە بەشێوەیەك كە سەكۆیەكی هزریی بۆ مشتومڕ دروست كرد لە نێوان فەیلەسووفان و ئاینزانان كە دواتر بە سەدان ساڵ درێژە بكێشێت.

یەكێكی تر لە زەبەلاحەكانی بەغدای سەردەمی مەئمون بیركاریزان محەمەد بن موسای خوارەزمی بوو. یەكێك لە بەناوبانگترین مێژوونووسانی سەدەی بیستەم، جۆرج سارتۆن، كتێبێكی چەند بەرگیی نووسی بە ناوی "ناساندنێك بۆ مێژووی زانست" كە تێیدا مێژووی دنیا هەر لە سەدەی شەشەمی پێش زایینەوە دەكاتە بەش بەشی نیو سەدەییەوە. هەر یەكێك لەو بەشانە بە ناوی گرینگترین زانای ئەو سەردەمەەوە نراوە لە هەر كوێیەكی دنیادا بێت. ئەو ماوەیەی نێوان 800 تا 850ی زایینی بە "سەردەمی خوارەزمی"ەوە ناونراوە.

خوارەزمی لە دەوروبەری ساڵی 789ی زایینی لە دایك بووە و لە ساڵی 850 كۆچی دوایی كرد. ناوەكەی ئەوە پێشنیاز دەكات كە بە ڕەچەلەك خەڵكی خوارەزم بووە، كە دەكاتە ئۆزبەكستانی ئێستە. ئەو وەكو بیركاریزان لە خانەی حیكمەتدا كاری دەكرد، جوگرافیاناس و گەردوونناسیش بوو. بەیەكەوە لەگەڵ كیندی، خوارەزمی هۆكارێك بوو بۆ ئاشناكردنی عەرەب بە ژماری دەیانی هیندی كە ئەمڕۆ ئێمە بەكاری دێنین. بەڵام گەورەترین میراتی ئەو برێتی بوو لە كتێبە ناوازەكەی لەبارەی جەبر. بێگومان، وشەی "جەبر" لە ناوونیشانی كتێبەكەی ئەوەوە وەرگیراەوە: "كتاب الجبر" (كتێبی تەواوكاری) كە تێیدا ئەو بۆ یەكەمین جار یاساكان و هەنگاوەكانی شرۆڤەكردنی هاوكێشەی جەبری دیاری دەكات.

سەردەمی دەسەڵاتی مەئمون زۆر زیاتر لە نووسینە ئەكادیمییەكانی ئەو بیرمەند و زانا تاكەتاكانەی بەخۆوە بینی. مەئمون هەر بەوەندە تێر نەبوو كە تەنیا خانەی حیكمەت دروست بكات، بگرە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆیەمدا هەستا بە دروستكردنی یەكەمین ڕوانگەی چاودێریكردنی گەردوون لە بەغدا. ئەمە تەنیا رێگە بوو گەردوونناسەكانی بتوانن وردی و دروستیی ئەو دەقە جۆراوجۆرە گریك و فارسی و هیندییانەی لەبەر دەستیان دابوو و كە زۆر جار پێچەوانەی یەكتر بوون، پشتڕاست بكەنەوە. لە هەموویان دیارتر كتێبی ئەلمیجسەتی بوو كە نووسەری گریكی خەڵكی ئەسكەندەرییەی میسر، تۆلمی، نووسیویەتی.

ڕوانگە گەردوونناسییەكە ڕەنگە یەكەمین پرۆژەی گەورەی زانستیی حكوومەتیە لە مێژووی دنیادا. بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین كە مەئمون بە توانایەكی زۆر كەمتر، بەڵام بە ئەنجامی جوانترەوە، چ دەسكەوتگەلی بەدەست هێنا، تەنیا ئەوەندەمان بەسە بۆ ئەوەی سەیرێكی ئەو پرۆژە گەورە و فرەنەتەوە و فرەملیۆن دۆلارانەی وەكو لارگ هادرۆن كۆلایدەر بكەین لە سێرن لە جنێڤ. مەئمون هەروەها تیمێك لە بیركاریزانان و گەردوونناسان و جوگرافیناسانی كۆ كردبووەوە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەن لەسەر كێشانی نەخشەیەكی دنیا، دواتر ئەركی ئەوەی پێدان كە ڕێگەیەكی تازە بدۆزنەوە بۆ پێوانەكردنی چێوەی زەوی. لەم ڕووەوە، میراتی ڕاستەقینەی مەئمون ئەوەیە ئەو یەكەمین كەس بوو پاڵپشتیی دارایی لە "پرۆژەی گەورەی زانستی" بكات.

سەبارەت بە فەیلەسووف كیندی، كە تا دوای مردنی مەئمونیش هەر لە ژیاندا مابوو، ئەو پێدەچێ بووبێتە قوربانیی پلانگێڕییەك لەلایەن برایانی بەنو موسا كە دواجار وایان لێهات چاویان بە كتێبخانە فراوانەكەی هەڵنەیەت و پلانیان لە دژ گێڕا تا خەلیفەی ئەو كاتە "ئەلموتەوەككیل"یان (847-861) قایل كرد كە لە خانەی حیكمەت وەدەری بنێت. كیندی ئەو تەمەنەی مایبوو وەكو پیاوێكی تەنیا بەسەر برد و دوای مردنیشی كارە فەلسەفییەكانی كەوتە نێو گۆمی لێڵەوە.

هزرۆكەكانی كیندی لە سەدەی دەیەمدا لەلایەن فەیلەسووفی تورك ئەلفارابی زیندوو كرانەوە كە ئەركی كیندیی لە بەئیسلامكردنی فەلسەفەی گریك درێژە پێدا و دواتریش ئەو ئەركەی بۆ دوو پیاوی تر لە دوای خۆی بەجێ هێشت كە دواتر لە ئەوروپا ناوبانگی گەورەیان بەدست هێنا و كاریگەریی زۆر گەورەیان خستە سەر زۆر بیرمەندی رێنیسانس. ئەو دوو پیاوە ئیبن سینا (980-1037) و ئیبن روشد بوون (1126-98) كە هەردووكیان لەڕۆژائاوا زیاتر بە ناوە لاتینییەكانیان دەناسرێن: ئەڤایسینا و ئاڤێرۆس. ئەوەی یەكەمیان زیاتر وەكو پزیشك دەناسرێت و بەناوبانگترین زانای ئیسلامە. كتێبی "یاسای پزیشكی" (لقانون فی الگب) لە ئەوروپای رێنیسانسدا خوێندنەوەی بووبووە واجب تا سەدەی حەڤدەیەم – كە ئەمەش ماوەیەكی زۆرە. لە هەمان كاتدا، ئیبن روشد كە لە قورتوبە (لە ئەندەلوس – ئیسپانیا) لە دایك بووبوو بە دواینی فەیلەسووفە موسڵمانە مەزنەكان دێتە ئەژمار كردن.

زۆر پیاوی گەورەی تر هەن كە بەشداری ئەوانیش لە كاروانی زانستدا لەلایەن ڕۆژئاواوە لە بیر كراون وەكو بلیمەتی عێراقی ئیبن ئەلهەیسەم، گەورەترین پزیشك لە ماوەی 2,000 ساڵدا لە نێوان ئەرخەمیدیس و نیوتۆن، هەروەها ئەلبیرونی، زانای فارسی فرەعیلم كە بە داڤینشیی ئیسلامی دادەنرێت، لەگەڵ ئەلتوسیی بیركاریزان و گەردوونناس كە كاریگەریی لەسەر كۆپەرنیكۆس هەبوو. هەروەها ئیبن خەلدوون، باوكی زانستی كۆمەڵایەتی و تیۆری ئابووری. هەموو ئەوانە كەڵەپیاوگەلێك بوون كە كەمتر جێی بایەخ و ئاماژەپێدان نین لە ئەریستۆ و گالیلیۆ و نیۆتۆن و ئەنشتاین لە مێژووی زانستدا.

بەدڵنیاییەوە ئێمە نازانین ژیان لە نێو خانەی حیكمەتدا چۆن بووە. بەڵام ڕاستییەكی پشتڕاستكراوە و مشتومڕهەڵنەگر ئەوەیە كتێبخانەكەی ئەسكەندەرییەی میسر كە زۆر زووتر لە خانەی حیكمەت دامەزرابوو لە تەنیا كتێبخانەیەك زیاتر بوو لەبەرئەوەی نەك تەنیا زۆربەی زانیاریی دنیایی لە ژێر یەك بنمیچدا كۆكردەوە بگرە بووە هۆی ڕاكێشانی زۆر لە بیرمەند و زانا گەورەكانی دنیا. بە سەرپەرشتیی خانەوادەی تۆلمی لە میسر كە مەسرەفی گەشت و كەلوپەل و دەرمالەی بۆ ئەو پیاوانە دابین دەكرد ئەوەندە جیاواز نییە لەو دەرماڵانە و زەمالانەی ئێستامان كە حكوومەتان دەیدەن بە كەسانی ئەكادیمی بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكایان. ئەگەر ئەو مەزەندەیەی ئێمە لەبارەی دامەزراوەیەكی توێژینەوە بۆ كتێبخانەی ئەسكەندەریە ڕاست بێت، كەواتە هەمان مەزەندەش لە حاڵەتی خانەی حیكمەتی بەغدادا هەر ڕاستە. خانەی حیكمەت بووە تۆوی چەكەرەكردنی هەموو ئەو دەستكەوتانەی دواتر لە سەردەمی زێڕنی زانستدا هەر لە ئۆزبەكستانەوە لە ڕۆهەڵات بگرە تا دەكاتە ئیسپاینا لە ڕۆژئاوا.

من لە سەردەمی منداڵیم لە عێراقدا، تەنیا ئەو بابەتانەی وەكو كیندی و خزارەزمیم لەبیرە كە لە وانەی مێژوودا بەر گوێم دەكەوتن نەوەكو بابەتی زانستی. چیرۆك و باسی ئەو پیاوانە تەنیا لە گوێچكەی ڕۆئاواییەكاندا سەرنجڕاكیش نیین، من هیواخوازم بە وەبیرهێنانەوەی كەلەپووری زانستیی دەوڵەمەندی ئەوان ئەمڕۆ لە دنیای موسڵماناندا هەستێكی شانازی لە ناخی زۆر كەسدا هەڵقوڵێنێ كە بتوانێ گرینگیی لێكۆڵینەوەی عەقلانیی زانستی بگێرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی كە لێوەی هاتووە بۆ نێو جەرگەی ئەو شتەی كۆمەڵگەی ڕۆشنبیر و شارستانی پێناس دەكات.

*ئەم بابەتە لە ژمارە سێی گۆڤاری "واتە" كە لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراسەوە دەردەچێ بڵاو بووەتەوە