Saturday, November 27, 2010

نووسەرێكی یۆنانی لەبارەی كاریگەریی كورد بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە كتێبێك دەنووسێت



AK Logo

هەولێر، 13 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر (ئاكانیوز) - نووسەرێكی یۆنانی لە كتێبێكی 320 لاپەڕییدا كە لەلایەن دەزگەی رۆتلیجی نێودەوڵەتی بەزمانی ئینگلیزی بڵاوكراوەتەوە، پێوەندییەكانی نێوان كورد و ئەمەریكا بە گرینگ وەسپ دەكات لە سیاسەتی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستدا و كاریگەریی كورد بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە دەخاتە ڕوو.
Marianna Charountaki
كتێبی "كورد و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا" لە نووسینی خاتوو ماریانا هاروداكی یەكەمین كتێبە كە بەشێوەیەكی ورد پێوەندیی كوردی هەرچوار پارچەكان بەگشتی و كوردی عێراق بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەریكادا تاووتوێ دەكات و دەگاتە ئەو دەرەنجامەی كە كورد كاریگەریی هەبووە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە.


كتێبەكە پوختەیەكی نامەی دكتۆرای خاتوو هاروداكی كە لە پەیمانگای دیراساتی عەرەبی و ئیسلامیی زانكۆی ئێكستەر لە بەریتانیا لە ساڵی 2006دا بە دەستی هێناوە.  هاروداكی وەكو توێژەرێك لە بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی كار دەكات.


سەبارەت بەوەی لەبەرچی كوردی هەڵبژارد بۆ ئەوەی توێژینەوەی لەبارەوە بنووسێ، نووسەر لە دیمانەیەكدا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند كە "پێم وایە پرسی كورد ڕۆڵێیكی گرینگی هەیە بەسەر سیاسەتی هەرێمییەوە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، تەنانەت لەوانەیە رۆڵێكی پێكهێنەر بێت"، هەروەها لەبەر ئەوەش كە پرسی كورد زۆری لەبارەوە نەنووسراوە بەتایبەتی بەو شێوەیەی كە هەموو قۆناغەكانی ئەو جۆرە پێوەندییەی نێوان كورد و ئەمەریكا دیاری بكات.


"زۆربەی نووسینەكانی پێشوو (لەبارەی كورد) لێكۆڵینەوەی سۆسیۆلۆجی و ئەنترۆپۆلۆجی بوونە نەك لێكۆڵینەوەی سیاسی بەتایبەتی لە سۆنگەی پێوەندیی نێودەوڵەتییەوە" ماریانا گوتی. ئەو لە كتێبەكەیدا، پێوەندییەكانی كورد و ئەمەریكا لەوەتەی شەڕی دووەمی جیهانییەوە تا شەڕی سێیەمی كەنداو لە 2003 و دوای ئەو كاتە وەكو توێژینەوەیەكی سیاسی بەوردی دەخاتە ڕوو.


"رۆڵی پرسی كورد وەكو گەیەنەرێك لە نێوان كورد و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بەهۆی پێشوەچوونەكانی ئەم ساڵانەی دواییی كوردی عێراق و بەردەوامبوونی پرسی پەكەكە و سەرهەڵدانەوەی پرسی كورد لە سووریا، گرینگیی كوردی لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست وەبیر دنیا هێنایەوە" هاروداكی لە كتێبەكەیدا نووسیویەتی.


ئەو هەوڵی داوە لە كتێبەكەیدا پرسیارێكی سەرەكی كە خۆی لە دوو ڕوودا دەبینێتەوە وەڵام بداتەوە: ئایا كورد كاریگەرییان هەبووە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا یاخۆ نا؟ ئایا شتێك هەیە بەناوی پێوەندیی كورد و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە شێوەی كارلێككردن لەنێوان دەوڵەتێك و لایەنێكی نادەوڵەت؟. لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەشیدا دەگاتە ئەو دەرەنجامەی كە كورد یەكەمین لایەنی نادەوڵەتە كاریگەریی بەسەر سیاسەتیی دەرەوەی دەوڵەتێكی وەكو ئەمەریكادا هەبێت.


دەرەنجامی كتێبەكە ئەوەیە كە پێوەندییەكی كارلێكی و بەدامەزراوەییكراوی ڕوونی ئەمەریكا لەگەڵ كوردی عێراقدا هەیە. "ئەمەش یەكەمین جارە كە دەبینین لایەنێكی نا دەوڵەت وەكو كوردی عێراق دەتوانن رۆڵێكی ئاوا گرینگ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا بگێڕن" نووسەر گوتی


زیاتر گوتی"زۆربەی كات دەبینی دەوڵەت كاریگەریی بەسەر دەوڵەتەوە هەیە، بەڵام لە حاڵەتی كورد و ئەمەریكادا دەبینی كورد كە خاوەنی دەوڵەت نییە كاریگەری و كارلێكی لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتێكی وەكو ئەمەریكادا هەیە.".


ئەو هەروەها پێی وایە كوردی عێراق هاوسەنگیی هێز لە سیاسەتی عێراقدا ڕادەگرن و دەتوانن ئەو ئارامی و تەناهییەی لە هەرێمدا هەیە بیگوازنەەوە بۆ ناوچەكان تری عێراقیش.


كتێبی "كورد و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا" بڕیارە لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس لە هەولێر بكرێتە كوردی و بڵاوبكرێتەوە و لە مانگی ئاب خاتوو هاروداكی لە ڕێوڕەسمێكدا لە هەولێر كتێبەكەی پێشكێشی خوێنەران بكات.


ڕابەر یونس عزیز

No comments:

Post a Comment

Comments will be automatically published without any moderation.