Saturday, November 27, 2010

كۆمەڵگەی شاراوە

كۆمەڵگەی شاراوە

یودیت نورینك

لە ئینگلیزییەوە: ڕابەر یونس عزیز

ئەو ئەخلاقیاتە توندەی لە هەرێمی كوردستاندا لەبارەی سێكسەوە هەیە كاریگەریی خراپی بەسەر كۆمەڵگەوە هەیە چونكە دەبێتە هۆی دروستبوون و گەشەكردنی كۆمەڵگەیەكی شاراوە شانبەشانی كۆمەڵگەیەكی ئاشكرا كە ئەمەش دڵی كۆمەڵگە، كە دەگوترێ هاوسەرگیرییە، لەناو دەبات.

" فڕێم دایە دەرەوە" ئافرەتێكی پاككەرەوە بە شانازییەوە وا دەڵێت. ئەو مەبەستی كچەكەی خۆیەتی كە ملی نەداوە مێرد بەو پیاوە بكات دایكی بۆی هەڵبژاردووە. ئەو پیاوە لە ماڵباتێكی دەوڵەمەندی كەركووكە كە ژنە دەیەوێ كچەكەی مێردی پێ بكات، بۆ ئەوەی لە پاڵ دەوڵەمەندیی كابرا بحەوێتەوە و چیتر ناچار نەبێت كاری پاككردنەوەی ماڵی خەڵكی بكات بۆ پەیداكردنی پارە. بەڵام كچە بەبێ سێ و دوو ڕەتی كردووەتەوە و هەڵبژاردنی دایكی بە دڵ نییە. بێجگە لەمە ئەو دەیەوێ خۆی هاوسەری خۆی هەڵبژێرێ كە ئەمەش بەگژداچووەنەوەی دایكییەتی. دایكی پێی وایە كچەكەی منەتباریەتی و دەبێت بە دڵی دایكی شوو بە پیاوێكی دەوڵەمەند بكات بۆ ئەوەی ژیانێكی ئاسوودە، كە ئەو پێی وایە شایانیەتی، بەدەست بێنێت.

ژنە پێی وایە مافی خۆیەتی دوای ئەوەی كچەكەی خۆی بەخێو كردووە و گەورەی كردووە، هەروەكو زۆر لە دایك و باوكان لە هەرێمی كوردستاندا، پێی وایە كە كچەكەی دەبێ ڕەزامەندی لەسەر ئەو پێشنیازانە دەربڕێت كە ئەو بۆ كچەكەی هەڵی دەبژێرێ نەك ئەوەی خۆی كەسێك هەڵبژێرێ. بیرۆكەی سەرەكیی هاوسەرگیری لە كوردستان لەوەوە هاتووە كە دایك و باوك باشتر دەزانن چ بۆ منداڵەكانیان باشترە، بەتایبەتی لە مەسەلەی هاوسەرگیریدا. ئەوە تەنیا بە قسەیەكی قۆڕی ڕۆئاوایی دێتە ئەژماركردن كە هاوسەرگیری تەنیا بۆ منداڵ و وەچەنانەوە نییە بگرە بۆ ئەوەشە كە هەریەك لە پیاو یان ژن هاوبەشێكی دەست بكەوێ خۆشی بوێ بۆ ئەوەی هەموو شتێكی لە ژیاندا لەگەڵ بەش بكات.

"منداڵ بۆ باوك بەهەشتن لەسەر زەوی" باپیرەیەكی تەمەن 85 ساڵی وای گوت بۆئەوەی داكۆكی لە بیرۆكەی هاوسەرگیری بكات بۆ گەنجان. ئەو وەسپی خێزانی یەكێ: لە نەوەكانی خۆی دەكرد كە جوانە و هاوبەشێكی باشە بۆ نەوەكەی. پەیامەكەی ئەو وەكو زۆر لە خەڵكی لە هەرێمی كوردستان تەنیا ئەوە بوو: پیاوان و ژنان دەبێ هاوسەرگیری بكەن لەبەرئەوەی دەبێت منداڵیان هەبێت.

ئەو تێگەیشتنەش لە چۆنیەتیی هەڵكەوتنی كۆمەڵگەی كوردی (و عێراقی)یەوە سەرچاوەی گرتووە. گەنجان بەئەستەم دەتوانن چاویان بەیەك بكەوێت و ژوان ببسەتن. ژن و پیاو بەهۆی ئەخلاقیاتی توندی كوردییەوە دوور لەیەك دەژین. كوڕ و كچ هەر تەنیا لە نێو ماڵباتەكەی خۆیاندا دەتوانن چاویان بە ڕەگەزی بەرامبەر بكەوێت. لە شوێنی تر، دەتوانن تەنیا تەماشای یەكتر بكەن. پاشان دوای تەمەنێكی دیاریكراو دەتوانن حەزی خۆیان دەببڕن بۆ نموونە بە پێشاندانی پەنجەیەكی بێ ئەڵقە.

تەنانەت لە زانكۆش، كە لەوێ دەتوانن بە ئاشكرا چاویان بە یەكتر بكەوێت، بەركەوتنی ڕاستەقینە لەنێوان ڕەگەزەكاندا شیاو نییە. كوڕێك و كچێك كە دەزگیران نەبن یان ژن و مێرد نەبن نابێ بەتەنیا بن. ئەگەر وا بكەن خەڵك دەست بە قسەوقسەلۆك دەكەن داخۆ چی لەگۆڕێ هەبێت – لەوانەیە ئەو كچە چیتر كچ نەمابێت! ئاخر گەنجان چۆن بتوانن بەباشی یەكتر بناسن تا بڕیار بدەن ئاخۆ دەیانەوێ تەواوی ژیانیان لەگەڵ كەسی بەرامبەردا بەسەر ببەن یان نا؟ تەنیا بە نهێنی دەتوانن ئەو كارە بكەن – لە كاتی نهێنیشدا هەموو ئەو شتانە ڕوو دەدەن كە مەبەست لە لێكجیاكردنەوەی ئەو دوو ڕەگەزەدا ڕێگەلێگرتنیانە. ئەخلاقیات ئەوە نییە كە دەردەكەوێ، یان ئەوەی وا دەردەكەوێ كە تەنیا بۆ كۆمەڵە كەسانێك بێت. لە هەرێمی كوردستاندا كۆمەڵگەیەكی شاراوە خەریكە سەر هەڵدەدات شانبەشانی ئەو كۆمەڵگەیەی هەمووان دەتوانن بیبینن.

پیاوی كورد دەتوانێ لافی هەبوونی یار و دۆستی كچ لێ بدات و بۆی هەیە لە هەمان كاتدا زیاتر لە یەكیشی هەبێت بەڵام ژن ناتوانێت بە چرپەش باسی بكات لەبەرئەوەی ئەگەر یەكێك بزانێتەوە قسەوقسەلۆك هەلی هاوسەرگیریی لێ تێك دەدات (وە لە هەندێ ناوچەی كۆمەڵگەدا، ئەو كارە بۆی هەیە بەهۆی نامووسپەرستییەوە كوشتنی كچەكەی لێ بكەوێتەوە) یان بۆی هەیە هاوسەرگیرییەكەی لێ تێك بدات ئەگەر هاوسەردار بێت كە ئەمەش زۆر ڕێی تێ دەچێت لەبەر ئەوەی پیاوان زیاتر حەزیان لە ژنانی هاوسەردارە بۆ پێوەندییە سۆزدارییەكانیان لەبەرئەوەی ئەوان ناچاریان ناكەن بیانهێنن وەك چۆن كچان هەوڵ دەدەن.

سادەترین شێوەی نهێنی لەنێوان كەسانی گەنج برێتییە لە "سێكسی كورتەنامە": ئەو كورتەنامانەی لە نێوان دوو مۆبایلدا ئاڵوگۆڕ دەكرێن و بەكارهێنەرەكانیان دەوروژێنێت. هەندێ كەس تەنانەت ئەمەیان كردووە بە هونەرێك: هەڵدەستن بەشێوەیەكی هەڕەمەكی كورتە نامە دەنێرن بۆ ژماران و بەختی خۆیان تاقی دەكەنەوە. هەندێجار وەڵامیان دەدرێتەوە و یارییەكە بەردەوام دەبێت.

هەندێكجار ژمارە تەلەفۆن بەهۆی برادەرانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ لایەنێكی پێوەندیدار. كێشەكە لەوەدایە كاتێك هاوسەرگیری بۆ یەكێك لە لایەنەكانی كورتەنامەكە ڕێك دەكەوێت، كۆنە دۆستی كورتەنامەكان دەستبەرداری چالاكییەكانی نابێت. بۆ ئەوەی كێشەكە بنبر بكرێت، زۆر لەوانەی تازە پێیان ناوەتە نێو هاوسەرگیرییەوە بە ژمارە تەلەفۆنێكی نوێوە دەچنە نێو برۆسەی هاوسەرگیرییەوە. كۆمپانیاكانی مۆبایل بەهۆی ئەو پێوەندییانەوە بازاڕیان گەرمە.

كاتێك پێوەندییەكی هاوسەرگیری باش نەبێت، سێكسی كورتەنامە، وەك پێ دەچێ، ڕێگەیەكی سادەیە و بێ زیانە بۆئەوەی پیاو و ژنی هاوسەردار هەندێ خۆشی بەدەست بێنن. بەڵام كاتێك تەڵاق دێتە گۆرێ، ئەوەی زەرەمەندە ژنە، لەبەرئەوەی مێردەكانیان ئەو پێوەندیی كورتەنامەیە بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن، وەك ئەوەی مولكێكیان دەستدرێژیی كرابێتە سەر هەرچەندە بەریەككەوتنێكی سێكسیی ڕاستەقینەش لە ئارادا نییە - پیاوەكە بۆی هەیە ژنەكەی تەڵاق بدات و منداڵەكان زەوت بكات.

بەڵام زۆرجار ئەو پێوەندیی كورتەنامانە شتی زیاتری لێ دەكەوێتەوە. بۆ نمونە ژوانێك لە یەكێك لەو قاوەخانانەی كە ڕێگە بۆ ئەمە خۆش دەكەن، یان پیاسەیەك بە سەیارە بۆ ئەزمەڕ یان شوێنی ژوانێكی تر، یان چوونە ماڵی برادەرێك كە لە ماڵ نییە. كێشەی ئەو پێوەندییانە ئەوەیە وا دەردەگەون كە تەنیا بۆ سێكس هەن. پێوەندییەكی ڕاستەقینە بە ئەستەم لەسەر ئەو پێوەندییانەدا دادەنرێت لەبەرئەوەی هەموو شتێك دەبێت بە دزییەوە ڕوو بدات.

ئەوەی گرینگە بەقەد ئەو ئەخلاقییاتە دووقافییە سەرنجی لێ بدرێت شێوازی پەروەردەكردنی كوڕان و كچانە لەبارەی بۆچوونی ئەو دوو ڕەگەزە بۆ یەكتری. دایكان بە كچەكانیان دەڵێن "كوڕ تەنیا سێكسیان دەوێ. بۆیە وا بكە بتهێنێت پێش ئەوەی شتێك ڕوو بدات دەنا وازت لێ دێنێت و هەموو شتێكت لێ تێك دەچێت". ئەگەرتەنیا ڕێگەی چاوپێككەوتن بە نهێنی بێت ئەمە بۆی هەیە بەئاسانی ببێتە هۆی سێكس لەبەرئەوەی زۆربەی گەنجان لە ڕووی سێكسەوە تێر نەبوونە.

لەبەر ئەمە، كوڕ و كچی گەنج پێویستە ڕێگەیان پێ بدرێت یەكتر ببینن بێ ئەوەی یەكێك نێوانیان بێت و گوێیان لێ بگرێت و تەماشایان بكات. پێویستە ڕێگەیان پێ بدرێت بە ئاشكرا لەگەڵ یەك بن بۆ ئەوەی یەكتر بناسن. ئەوان پێویستیان بە كاتە بۆ ئەوەی بزانن كەسایەتییان و بەرژەوەندییەكانیان تێك دەكەنەوە یان نا، ئاخۆ دەتوانن بگونجێن و هاوبەش بن لە ژیاندا، یان دەتوانن بەیەكەوە گرفتەكانیان چارەسەر بكەن یان نا. هەروەها پێویستە ڕێگەیان پێ بدرێت هەڵە بكەن، لێك بتۆرێن و چاویان بە كەسانی تر بگەوێت بێ ئەوەی كۆمەڵگە دۆڵیان لە دو لێ بدات.

یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە، لەبەرئەوەی ئەو دوو ڕەگەزە ئەوەندە لەیەك دوور دەژین، كاتێك كاتی هاوسەرگیری دێت ئەوان زۆر بە خراپی لێك حاڵی دەبن. دایكان كچەكانی خۆیان وا فێر كردووە كە لە كوڕان دوور كەونەوە و لەگەڵیان ڕووخۆش نەبن، هەروەها بەدڵنیایییەوە بە ڕوویاندا پێنەكەنن. لە هەندێ ناوچەی كوردستان ئەو ئامۆژگارییە ئەنجامی خراپی بۆ دوای هاوسەرگیری هەیە. من پیاوێكی هاوسەردار دەناسم كە بە ئەستەم زەردەخەنەی ژنەكەی خۆی بینیوە. "من گوێم لێییە كە پێدەكەنێت كاتێك لە دەرەوەی ماڵەكەمم، بەڵام هەر كە سەر بە ژوورێدا دەگرم یەكسەر ڕووخسارە گرژەكەی وەردەگرێتەوە" ئەو پیاوە وا دەڵێت.

كچان نازانن دوای هاوسەرگیری چاوەڕوانی چی بكەن. یەكێك لەو كچانە داوای لەو كوڕە كردووە، كە ماڵباتەكەی بۆیان هەڵبژرادووە مێردی پێ بكات، جگەرە نەكێشێت و نەخواتەوە، ڕۆژی پێنج جاران نوێژ بكات و لە هەمان كاتیشدا نابێ حەقی بەسەر ئەوەوە هەبێت ئەگەر ئەو بۆخۆی جلی تەسك لەبەر بكات.

لەم كۆمەڵگایەدا پیاو فێر نەبوونە متمانە بە ژنان بكەن. بۆیە دوای هاوسەرگیری، هێشتا هەر لەگەڵ برادەرە پیاوەكانیان دەچنە دەرەوە و چای لە چایخانەكان فڕ دەكەن، یان بیرە و ویسكی لە دەشت و دەر یان لە بەشی پیاوانی خواردنگەكان دەخۆنەوە و باسی كێشەكانی خۆیان دەكەن و سوالفەی دنیا دەكەن.

كەچی ژنان لە ماڵەوە دەمێننەوە جا یان چاویان بە برادەرە ژنەكانیان دەكەوێ یان چاودێریی منداڵەكانیان دەكەن. تەنانەت خواردنگەكانیش ژنان لە پیاوان لە باڵی تایبەت بە خێزان و ئافرەتاندا جیا دەكەنەوە. باشە چ شتێك ژن و مێرد كۆ دەكاتەوە، بێجگە لە سەرجێ، ئایا تەنیا منداڵ و هەندێ جەمی خواردنە؟

لە كۆمەڵگەی كوردیدا پیاوان پێیان دەگوتری كە تەنیا ئەو ژنانە بێنن كە هیچ ئارەزوویەكیان نییە پێش هاوسەرگیری سێكس بكەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر سێكس بكەن ئەو كات ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە ئاخۆ لەگەڵ چەند پیاوی تریش سێكسیان كردووە، ئەمەش بەزۆری ژیانێكی خۆشەویستیی خراپی لی َ دەكەوێتەوە. پیاوان نایانەوێ داوای ئەو كردارە سێكسییانە لە ژنەكانیان بكەن كە دڵڕفپَنە لەبەرئەوەی پێیان وایە ژنەكانیان زۆر پیرۆزترن لەوەی داوای ئەو سێكسە دڵڕفێنەیان لێ بكرێت. ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەو سەركەشییانەی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەرگیریدا پیاوان هەیانە: دۆستە ژنەكانیان دەتوانن بەكەیفی خۆیان چۆنیان بوێ ئاوا سێكس بكەن لەبەرئەوەی ئەوان هیچ وێنەیەكی پیرۆزیان نییە تا لەدەستی بدەن. بەڵام هەر لەبەر ئەمە، پیاوان دوودڵن لە پێكهێنانی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو كچانەی كە دەتوانن لە ڕووی سێكسییەوە ئاسوودەیان بكەن: ئەو جۆرە ژنە هەرگیز ناتوانی َ ببێتە دایكێكی باش بۆ منداڵەكانیان.

زۆر خەڵك پێیان وایە ئەو ئەخلاقیاتانە لە قورئانەوە سەرچاوەیان گرتووە بەڵام لە ڕاستیدا بەشێوەیەكی سەرەكی كولتوور بەرپرسە. ئەگەر خەڵك واز لە قسەوقسەلۆك بێنن و واز لە خەڵكی دی بێنن بۆ خۆیان ژیانی خۆیان بژین بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێ، زۆر شت ئاسانتر دەبێ.

كاتێك خەڵك دەكاتە دەنگودۆڵ كە كچەكەت لەگەڵ كوڕێك بینراوە، دەبێت كارێك بكەیت بۆئەوەی پاریزگاری لە وێنەی خۆت بكەیت، هەروەها ئەگەر وێنەكەت لەكەدار بووبێ ئەوا دەبێ نازناوی بنەماڵەكەت بپارێزی. ئەمە زۆركەمی پێوەندیی بە ئیسلامەوە هەیە، و زۆر زیاتری پێوەندیی بە كۆمەڵگاوە هەیە كە قسەوقسەلۆكی كردووە بە هونەرێكی ڕاستەقینە.

ئەوێ ڕۆژێ یەكێك پێمی گوت "مەرج دەكەم كە حاڵەتی تەڵاقدان لە وڵاتی ئێوە زۆر زیاترە لێرە". ئەو ئەمەی گوت لەبەرئەوەی لە ڕۆئاوا كچ و كوڕ پێكەوە دەژین پێش ئەوەی ببنە هاوسەر كە هەلی لێك جیپابوونەوەیان زیاترە. زۆربەی ئەو كچ و كوڕانەی من دەیانناسم یەكەمجار پێكەوە ژیانیان تاقی كردووەتەوە بۆ ماوەی ساڵێك یان چەندان ساڵ پێش ئەوەی ببنە هاوسەر. دواتر كڕینی خانووێك یان بوونی منداڵ دەبێتە هۆی هاوسەرگیرییان. بینیومە زۆر لەو هاوسەرگیرییانەی لەو شێوەیەن درێژەیان كێشاوە لەبەرئەوەی ئەوان دەزانن چی دەكەن كاتێك پێ دەنێنە نێو هاوسەرگیرییەوە. بیگومان هەندێ لەو خەڵكانەی پێكەوە دەژین پێش هاوسەرگیری لێك جیا دەبنەوە بەڵام زۆربەی جارەكان ئەمە پێش ئەوەی منداڵیان ببێت ڕوو دەدات بۆیە زەرەرەكە كەمترە لەوەی ئەگەر ڕاستەوخۆ هاوسەرگیرییان بكردایە و دەستیان بە دروستكردنی خێزانێك بكردایە.

بەشێوەیەك لە شێوەكان، كەس باسی ئاكامی ژیانی ئەو منداڵانە ناكات كە لەگەڵ دایك و باوكێكدا دەژین كە هەردەم شەڕیانە یان هەر بەئەستەم قسە لەگەڵ یەكتری دەكەن. منداڵ پێویستە لە گەنجێتیدا فێری خۆشەوییستی ببن بە تەماشاكردنی چۆنیەتیی پێكەوەژیانی دایك و باوكیان لەگەڵ یەكتری. ئەگەر وا نەبێ زۆر زەحمەتتر دەبێت بۆیان كە دواتر لە ژیانیاندا پێوەندییەكی بەختەوەر درێژە پێ بدەن. دووانەی بەختەوەر جێگیری دەخەنە ژیانی منداڵەكانیانەوە كە ئەمەش بناخەی دروستبوونی كەسایەتییەكی جێگیرە.

ئەنجامی ئەو ئەخلاقییاتە بەرتەسكانە لە كوردستان ئەو شتە نییە كە دەبێت وا بێ كە خێزانی بەختەوەر و بەرپرسیارە. ئەنجامەكەی نائومێدی و پیێوەندیی دەرەوەی هاوسەرگیری و هاوسەرگیریی خراپە و نانەوەی ئەو منداڵانەیە كە لە نێو خێزانێكدا گەورە بوونە كە دایك و باوكیان هەردەم شەڕیان بووە. ئەو نائومێدییە تەنانەت لە سەر شەقامەكانیش دەر دەكەوێ. هیچ شوێنێك لە كوردستان بە قەد شەقامەكان تێیاندا چاو نابڕدرێتە كچان. چەند ساڵێك لەمەوبەر برادەرێكی من كە كابۆی تەسكی لەبەر بوو بەردەوام لەدواوە قسەی ناشیرینی پێ دەگوترا. ئێستە ئەو تانە و تەشەرانە كەم بوونەتەوە بەڵام تەماشاكردنەكان نا. ئەگەر پیاوان لە كوردستان بیانتوانیبایە بە چاوەكانیان سێكس بكەن ئەوا دەیانكرد. بەڵام كۆمەڵگەی شاراوە لێرەوە دەست پێ دەكات.

كوردستان كراوەیە بۆ گەشەسەندنی ئابووری و گۆڕان و ژیانێكی باشتر. لە كۆمەڵگەیەكی ئاوادا، كونجی شاراوە شوێنی نابێتەوە. بەڵام ئەو كونجانە تەنیا كاتێك نامێنن كە گۆڕان لە عەقلیەتی خەڵكەكە ڕوو بدات، كاتێك كە نوێگەری ڕێگەی پێ بدرێت هەروەها كاتێك كە پەروەردەیەكی باش بۆ هەموان هەبێت.
*یودیت نورینك ڕۆنامەوانێكی هەڵەندایییە و لە هەرێمی كوردستان ژیان بەسەر دەبات. ئەو ماوەی 25 ساڵ ڕۆژنامەوانیی كردووە و دوو كتێبی بڵاو كردوەتەوە كە هەردووگیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی كوردی.

*ئەم بابەتە لە ژملرەی چواری گۆڤاری "واتە" كە لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراسەوە دەردەچێ بڵاو بووەتەوە.