Saturday, November 27, 2010

بێتاوانێك لە كوردستان

بێتاوانێك لە كوردستان

یان بۆوچێك

وەرگێڕان: ڕابەر یونس عزیز

من زۆر حەزم لە ژووری هەواڵە. لە ماوەی 32 ساڵی كاركردنمدا لە ئاژانسی داو جۆنز، لە ژووری هەواڵی بچووك و گەورە كاری نووسیاری و پەیامنێریم كردووە. بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ بوومە و ژووری هەواڵم لە سەرتاسەری ئەوروپادا دروست كردووە. بۆ من هیچ شتێك وەكو هەرای نێو ژووری هەواڵ خۆش نییە: تەلەفۆن لێ دەدا و پەیامنێرەكان هەواڵەكانیان دەنێرن و نووسیارەكان نووسیاری دەكەن، پێكەنین قیژە و هەندێك جار هاوار، دەنگی كرتەی كیبۆردەكان و دەنگەدەنگی كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن. كەسایەتیی تاكەكەسەكان بەتەواوی ئاشكرایە هەر لەو كەسانەوە بگرە كە زۆر بە ڕێك و پێكی كار دەكەن و یەك پەڕە كاغەزیش لەسەر مێزەكانیاندا نییە تا ئەوانەی ڕۆژنامە و ڕاپۆرت و بەیاننامە لەسەر مێزەكانیان كەڵەكەی كردووە. قاوە و چایە و خواردنەوە گازییەكان و ئاو و بابۆڵە و كولیچە و میوە، ئەمانە هەموو تامی زیاتر دەخەنە سەر ئەو بەدواداچوونە خۆش و بێ كۆنترۆلەی هەواڵ.

من تاسام كاتێك یەكەمجار سەردانی بارەگای ئاكانیوزم كرد لە هەولێر. هیچ ژوورێكی هەواڵی نەبوو. لەجیاتی ئەوە، ژووری جوداجودا لەودیو دەرگەی داخراوەوە بەسەر سێ نهۆمدا بڵاو بووبوونەوە. هەر یەك لەو ژوورانە چەند مێزێكی ڕەق و ڕووتی تێدا بوو چەند كەسێكی لێ بوو كە بە بێدەنگییەكی مردووانەوە كەس نازانێ چییان دەكرد. كێ لەوانە دەیزانی چ باسە و چیان لە دەست دێت؟

ئەمە جیهانێك بوو كە من پێی ئاشنا نەبووم. كوا ئەو خۆشییە هاوبەشەی نووسینەوەی یەكەمین ڕەسنووسی مێژوو؟ من هزری خۆم گێڕایەوە بۆ ئەو سەردەمانەی كە من لە ڕیزی پێشەوەی ژوورەكانی هەواڵدا لە ڕاچلەكێنترین ڕووداوگەلی ژیانمدا بەسەرم بردبوو: هەوڵی سەرنەكەوتووی ڕزگاركردنی بارمتەی ئەمەریكایییەكان لە تاران، هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆكی ئەمەریكا رۆناڵد ریگان و پاپا جۆن پۆل، تەقینەوەی كەپسوولی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریكایی چالنجەر، داڕمانە شینەكراوەكەی بۆرسە لە ساڵی 1987، دەست لەكاركێشانەوەی ناچاریی مارگەرێت تاچەر، گەشەسەندن و داڕمانی بازرگانیی ئینترینێتی، 11ی سێپتێمبەر، ڕووخاندنی سەدام حوسێن، ڕووخانی كۆمپانیای برایانی لیمان. ئەمانە چەندان ڕووداوی گرینگ بوون كە ئێمە لە ژووری هەواڵدا هاوبەش بووین لە رووماڵكردنی.

لەیەكەمین سەردانم بۆ ئاكانیوز، موفاجەئەی تریش چاوەڕێم بوون. هەیكەلی بەڕێوەبردن هیچ ئەزمەەنێكی ئاژانسی نەبوو، هەمووان ناچار بوون بۆ هەموو شتێك بگەڕێنەوە لای بەڕێوەبەری گشتی بەدران حەبیب و ڕێنوێنی لەو وەر بگرن. هەروەها یاسای توند هەبوون بۆ پێوانەكردنی كاری كارمەندەكان كە بووبووە هۆی ئەوەی كوانتیتی (ئەندازە) بەسەر كوالیتی (جۆری)دا زاڵ بێت.

من ناچار بووم بە قووڵی بیر لە داواكەی بەڕێز بەدران بكەمەوە لەبارەی ڕاوێژكاری بۆ ئەوەی ئاكانیوز بخەمە نێو دنیای نوێی ڕۆژنامەوانییەوە. گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەمی من ئەوە دەبوو كە هەوڵ بدەم كولتوورەكە بگۆڕم – وا لە ستافەكە بكەم كە وەكو ڕۆژنامەوان بیر بكەنەوە و ڕەفتار بكەن نەك فەرمانبەرگەلێك لە بوارێكی بەرهەمهێناندا، هەروەها وا لە بەدران بكەم متمانە بە ستافەكەی بكات كە كارەكەیان بە دروستی ئەنجام بدەن نەك هەموو دەقیقەیەك كارەكەیان بە وردی ڕێك بخات.

بەشێوەیەكی بنەڕەتیتر، ئەمە مانای ئەوە بوو كە بیر لە جێبەجێكردنی شێوازێكی ڕۆئاواییی ڕۆژنامەوانی بكەمەوە - كە رۆلی ئەو لە بەڕێوەچوونی دیموكراسیدا گرینگیی خۆی هەیە - لە كولتوورێكدا كە دیموكراسی هێشتا دوورە لەوەی بەتوندی چەسپابێ.

زۆر گفتوگۆی درێژ و دڵخۆشكەرمان لەگەڵ بەڕێز حەبیبدا كرد لەبارەی مێژوو و كولتووری كوردی. كۆتاییدا گەیشتمە ئەو باوەڕەی كە ئەو باوەڕێكی پتەوی بە دیموكراسی هەیە، بەڵام هەروەها گەیشتمە ئەو باوەڕەش كە دیكوكراسی مەترسیی ئەوەی لەسەرە ئایا دەتوانێ لەم بەشەی دنیادا سەربكەوێ یان نا. من لە دیموكراسی بترازێ هیچ شتێكی ترم نەبینیوە و بڕوام وایە باشترین ڕێگەچارەیە بۆ پێشوەچوون بۆ زۆرینەی خەڵك لە هەر كولتوورێكدا. خۆ ئەوە ڕێكەوت نییە كە وڵاتانی دیموكراسی گەشەسەندووترین و ئارامترین وڵاتن لەسەر ئەم زەوینە. هەروەها وەكو پاڵپشتیكەرێك لە لادانی سەدام حوسێن من هەستم بە ئەركێك دەكرد بۆ ئەوەی بەشدار بم لە بنیاتنانی دیكوراسییەكی باوەڕپێكراو لەو خاكە تراجیدییەدا.

بۆیە، من داواكەی بەڕێز حەبیبم قبووڵ كرد و خۆم خستە ناو پرۆسەكەوە. بێگومان من بوومەتە هۆی نیگەرانی و برینداركردنی كەسانێك بەو تێگەیشتنە كەمەی كە هەمە لەبارەی ئەو كولتوورە و ئەو شێوازە توندە ڕۆژئاوایییەی خۆم بۆ گۆڕانی بنەڕەتی. زۆرجار لێكگیربوون لەنێوان من لەگەڵ بەڕێز حەبیب و ستافەكەی ڕووی دەدا. بەڵام هەردەم بە دوو هەنگاو بۆ پێشەوە و یەك هەنگاو بۆ دواوە كۆتایی پێ دەهات.
بەڵام من باوەڕم وایە كە پێشكەوتن – یان بەلایەنی كەم ئەوەی كە من پێی دەڵێم پێشكەتن - بەدەست هاتووە. ئێستە ئاكانیوز یەك ژووری هەواڵی هەیە. هێشتا هەرای تێدا نییە بەڵام هیچ نەبێت وا خەریكە دروست دەبێت. هەیكەلێكی بەڕێوەبردن هەیە بەڵام بەڕیوەبەرەكان هێشتا پێویستە شارەزایی و متمانە بەخۆبوونی خۆیان زیاتر پێش بخەن. ئێستا ستافەكە زیاتر وەكو پیشە لە ئەركەكەیان دەڕوانن نەك كار. كوالیتی خەریكە بەسەر كوانتیتدا سەردەكەوێ هەرچەندە هێشتا هەندێ جار شێوازە خراپە ئاسانەكە دەگیرێتە بەر بۆ هەواڵنووسین لەجیاتی ڕێگە سەختترە باشەكە بە ژمارەی كەمتری هەواڵەوە.

ئێمە چۆن پێوانەی سەركەوتن دەكەین لە ئاكانیوز؟ چەندان ڕێگە هەن. پێویستە بەرهەمهێنانی كوالیتی بەرز بەردەوام بێت بێ ئەوەی بەڕێز حەبیب ناچار بێت بەدرێژایی ڕۆژ دەنگ بەرز بكاتەوە. دەزگەكانی تری هەواڵ لە ئاكانیوزەوە هەواڵ وەردەگرن، یان زیاتر لەوانەیە، بیدزن لەو كولتوورەی ئێستەی میدیای كوردیدا. دەسەڵاتداران تووڕە دەبن كاتێك ڕۆژنامەوانانی ئاكانیوز ڕاستییەكان دەخەنە ڕوو. نووسیار و پەیامنێری جدی دەیانەوێ كار بۆئاكانیوز بكەن. لەوانەش گرینگتر، ژووری هەواڵەكە پڕ دەبێت لە هەرا كاتێك من دەڕۆم.

*ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری واتە بڵاو بووەتەوە كە لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراسەوە دەردەچێ

No comments:

Post a Comment

Comments will be automatically published without any moderation.